حووسییەکان: بە هەماهەنگی لەگەڵ ئێران و حزبوڵڵا هێرشمان کردە سەر ئیسرائیل
گوتەبێژی سەربازیی حووسییەکانی یەمەن رایگەیاند، بە هەماهەنگی و هاوبەشی لەگەڵ ئێران و حزبوڵڵای لوبنان، لە رێگەی ژمارەیەک مووشەکی بالیستییەوە چەند ئامانجێکی هەستیاریان لە نێو خاکی ئیسرائیل پێکاوە.
چوارشەممە 1ی نیسانی 2026، یەحیا سەریع، گوتەبێژی سەربازیی گرووپی حووسییەکانی یەمەن رایگەیاند: لە چوارچێوەی "جیهادی پیرۆز"دا، سێیـەمین ئۆپەراسیۆنی سەربازییان بۆ سەر پێگە هەستیارەکانی ئیسرائیل لە باشووری فەلەستین ئەنجامداوە.
یەحیا سەریع لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوە کرد، ئۆپەراسیۆنەکە بە بەکارهێنانی ژمارەیەک مووشەکی بالیستی ئەنجامدراوە و بە سەرکەوتوویی ئامانجەکانی پێکاوە.
گوتەبێژی سەربازیی حووسییەکان ئاشکرای کرد، ئەم ئۆپەراسیۆنە بە هەماهەنگی و بەشداریی راستەوخۆی ئێران و حزبوڵڵای لوبنان بووە. گوتیشی: "ئەم هێرشانە لە چوارچێوەی پاڵپشتیکردنی بەرەکانی بەرگرییە لە ئێران، عێراق، لوبنان و فەلەستین."
ئەمەش لە کاتێکدایە بزوتنەوەی ئەنساروڵای باڵی سەربازی حووسییەکانی یەمەن بڵاویکردووەتەوە، ژمارەیەک مووشەکی بالیستیان ئاراستەی ئیسرائیل کردووە هەروەها راشیگەیاندووە، شەپۆلی ئەمجارەی هێرشەکانیان بە ژمارەیەک مووشەکی بالیستی بووە بۆ سەر پێگە هەستیارەکانی ئیسرائیل لە باشووری فەڵەستین.