وەزارەتی بەرگریی قەتەر: ئێران بە 3 مووشەک هێرشی کردە سەر وڵاتەکەمان

لۆگۆی وەزارەتی بەرگریی قەتەر
لۆگۆی وەزارەتی بەرگریی قەتەر

وەزارەتی بەرگریی قەتەر رایگەیاند، لە لایەن ئێرانەوە بە سێ مووشەکی کرووز هێرش کراوەتە سەر وڵاتەکەیان و یەکێک لە مووشەکەکانیش بەر تانکەرێکی نەوت کەوتووە.

ئەمڕۆ چوارشەممە 1ی نیسانی 2026، وەزارەتی بەرگریی قەتەر لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، دەوڵەتی قەتەر رووبەڕووی هێرشێکی مووشەکی بووەتەوە و سێ مووشەکی کرووز لە لایەن ئێرانەوە ئاراستەی وڵاتەکە کراون. ئاماژە بەوەش دراوە کە هێزە چەکدارەکانی قەتەر توانیویانە دوو لەو مووشەکانە تێکبشکێنن.

وەزارەتی بەرگریی قەتەر روونیشیکردەوە، مووشەکی سێیەم بەر تانکەرێکی نەوت کەوتووە کە لە لایەن کۆمپانیای "قەتەر ئینێرجی"وە بەکرێ گیرابوو، لەو کاتەدا تانکەرەکە لە سنوورە ئاوییەکانی قەتەردا بووە.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە، رێکاری پێویست و هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ چۆڵکردنی تانکەرەکە گیراوەتە بەر، کە پێکهاتبوون لە تیمێکی 21 کەسیی، راشیانگەیاند کە هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتووەتەوە.