چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیی هەولێر: خوێندنی ئۆنلاین ئێمە ناگرێتەوە
بەڕێوەبەری گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی هەولێر ڕایگەیاند، "بەهۆی ئەوەی قوتابییەکانمان خاوەن پێداویستی تایبەتن، زۆر زەحمەتە بە ئۆنڵاین و دیجیتاڵی بتوانن درێژە بە خوێندن بدەین".
ئەمڕۆ چوارشەممە، 1ـی نیسانی 2026، یوسف چاوشین، بەڕێوەبەری گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی هەولێر بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی راگەیاند، "دوای ئەوەی هەردوو وەزارەتی خوێندنی باڵا و پەروەردە بڕیاریان دا خوێندن بکرێتە دیجیتاڵی و ئۆنلاین، وەک وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی لە سەر ئەم بابەتە کۆبووینەوە و بۆمان دەرکەوت ناتوانین ئەم بڕیارە لە سەر قوتابیانی سنووری وەزارەتەکەمان جێبەجێ بکەین، چونکە قوتابیانی ئێمە خاوەن پێداویستی تایبەتن و پێویستە تایبەتمەندی ئەوان لەبەرچاو بگیردرێت".
بەڕێوەبەری گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی هەولێر ئاماژەی بەوە دا، بەشێک لە قوتابیانی ئێمە نابینان کە کە بە پلەی یەکەم پشت بە خوێندنی "بڕایڵ" دەبەستن، بۆیە پێویستە خوێندنی ئەوان لە نێو پۆڵ بەردەوام بێت. هەروەها بەشێک لە قوتابیانمان نابیستن کە پشت بە زمانی ئاماژە دەبەستن، ئەوانیش پێویستە خوێندنەکەیان لە نێو پۆڵ بەردەوام بێت.
قوتابییانی ترمان بیرکۆڵ و داونن کە خوێندنەکەیان زۆر سەرەتاییە و فێری شتی زۆر سەرەتایی دەبن بۆیە بۆ ئەم قوتابیانە بڕیارمان دا خوێندنەکەیان بە ئۆنلاین و بە ئامادە بوون لە نێو پۆڵ ڕابگرین چونکە دواتر دەتوانین بۆیان قەرەبوو بکەینەوە.
سەبارەت بە ئاماری قوتابییانیش، یوسف چاوشین ئاشکرای کرد کە لە پارێزگای هەولێر 160قوتابی نابیست، 70 بۆ 80 قوتابی نابینا، 105قوتابی داون و بیرکۆڵ، لە ناوەندەکانی ئەواندا دەخوێنن.