دوو کۆچبەر لە دەریای مانش خنکان
دوو کۆچبەری نایاسایی, لە رێگەی پەڕینەوەیان لە فەرەنساوە بۆ بەریتانیا, لە دەریای مانش خنکان و ژمارەیەکیش بێ سەروشوێنن.
ئاژانسی فرانس پرێس لە زاری دەسەڵاتی پۆلیسی چاودێری دەریایی فەرەنسای بڵاوی کردووەتەوە، تیمەکانی فریاگوزاریی دەریایی ئەمڕۆ چوارشەممە 1ی نیسانی 2026، بە هانای هەشت کۆچبەری نایاساییەوە چوون، کە بە نیازبوو بە بەلەمێکەوە لە کەناراوی باکووری فەرەنساوە بەرەو بەریتانیا بپەڕنەوە.
سەرچاوەکەی پۆلیسی فەرەنسا ئاماژەی داوە، سەرجەم کۆچبەرەکان خەڵکی وڵاتانی سوودان و ئەفغانستان بوون، کە توانراوە بەشێکیان لە خنکان رزگار بکرێن، لەنێوان رزگارکراوەکاندا ئافرەتێک گەیەندراوەتە نەخۆشخانە و ئێستا تەندروستی جێگیرە، بەڵام پێنج لە رزگاربووەکان زیندانی کراون.
بە گوێرەی هەواڵەکەی ئاژانسە فەرەنسییەکە، ئەو هەشت رزگاربووە بەشێک بوون لەو 30 کۆچبەرە نایاساییەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە لە کەناراوەکانی باکووری فەرەنساوە بە بە لەمێک بە رێ کەوتوون، کە لە لایەن پۆلیسی فەرەنساوە چاودێریان کراوە، بەڵام لە بارەی بێسەروشوێنبوونی کۆچبەرانی دیکەی ئەو بەلەمە، پۆلیسی فەرەنسان هیچ زانیارییەکی بڵاو نەکردووەتەوە.
خنکانی ئەو دوو کۆچبەرە نایاساییە، یەکەم حاڵەتی خنکانی کۆچبەرانە لەمساڵدا لە دەریای مانش تۆمار بکرێت.
بە گوێرەی تۆمارە فەرمییەکانی فەرەنسا و بەریتانیا، ساڵی رابردوو نزیکەی 50 هەزار کۆچبەری نایاسایی هەوڵی پەڕینەوەیان لەو رێگە قاچاخەی نێوان فەرەنسا – بەریتانیا داوە، کە 795 کەسیان بە بەلەم بوون، لە نێویاندا 29 حاڵەتی خنکان تۆمارکراون.
هەروەها حکوومەتی بەریتانیا ساڵی 2025، پەڕینەوەی 41 هەزار و 472 کۆچبەری نایاسایی بە بەلەمی بچووک بۆ وڵاتەکەی راگەیاندووە، ئەمەش بە دوو شەپۆلی فراوانی کۆچبەران بۆ بەریتانیا دەزانێت، لە دوای گەیشتنی 45 هەزار و 774 کۆچبەر لە ساڵی 2022ـدا.