کۆمپانیای رووس ئەتۆم، کارمەندەکانی لە وێستگەی بوشەهر دەکشێنێتەوە
کۆمپانیایەکی رووسی بڕیاری داوە زیاتر لە 200 کارمەندی خۆی لە وێستگەی ئەتۆمیی بوشەهر لە ئێران بکشێنێتەوە.
چوارشەممە، 1ـی نیسانی 2026، ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاوی کردەوە؛ کۆمپانیای "رووس ئەتۆم"ـی رووسی ڕایگەیاندووە کە لەم هەفتەیەدا زیاتر لە 200 کارمەندی خۆی لە وێستگەی ئەتۆمیی بوشەهر لە ئێران دەکشێنێتەوە.
کۆمپانیاکە ئاماژەی بەوە کردووە، کە پلانەکە ئامادەیە بۆ گەڕاندنەوەی ئەو کارمەندانە بۆ رووسیا. بەڵام کۆمپانیاکە وردەکاری و هۆکاری وردی پشت ئەم بڕیارە کتوپڕە ئاشکرا نەکردووە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، چوارشەممە، 25ـی ئاداری 2026، ئەلێکسی لیخاتشێڤ، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای رووس ئەتۆم، کشانەوەی 163 کارمەندی لە وێستگەی ئەتۆمیی بوشەهر رایگەیاندبوو.
جەختی لەوەش کردبووەوە کە؛ "ناتوانن بە یەکجاری وێستگەکە جێبهێڵین، چونکە ناتوانن ئامێر و کەلوپەلەکان بەبێ سەرپەرشتیار و کەسی پسپۆر جێبهێڵین."
ئەم بڕیارەی کۆمپانیای "رووس ئەتۆم"، دوای ئەوە دێت، کە ئەمریکا و ئیسرائیل چەند جارێک وێستگەکەیان بۆردومان کردبوو.
وێستگەی ئەتۆمیی بووشەهر کە توانای بەرهەمهێنانی هەزار مێگاوات کارەبای هەیە، تاکە وێستگەی ئەتۆمیی چالاکی ئێرانە و رووسیا رۆڵی سەرەکی لە بونیادنان و کارپێکردنیدا هەیە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، بەیانیی شەممە، 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ئێران دەست پێکرد و لە ئەنجامدا چەند سەرکردەیەکی وڵاتەکە کوژران.
بەڵام ئێران هەر زوو وەڵامی ئەو هێرشانەی دایەوە و وێڕای ئاراستەکردنی ژمارەیەک مووشەک بۆ ئیسرائیل، چەندین بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکای لە وڵاتەکانی ناوچەکەدا کردە ئامانج.