پاشماوەی درۆنێکی تێکشکێندراو لە گەڕەکی ئیسکان کەوتە سەر کافتریایەک

لە هەولێر، پاشماوەی درۆنێکی تێکشکێندراو لە ناو جەرگەی گەڕەکی ئیسکان کەوتە سەر کافتریایەک. رووداوەکە بووەتە هۆی وێرانکاریی زۆر لە ناو شوێنەکەدا و ترس و دڵەڕاوکێیەکی زۆری لای دانیشتووانی ناوچەکە دروست کردووە، بەڵام خۆشبەختانە هیچ زیانێکی گیانی لێ نەکەوتووەتەوە.

پێنجشەممە 2ـی ئاداری 2026، پەیامنێری کوردستان24 لە شوێنی رووداوەکە لە گەڕەکی ئیسکان رایگەیاند، کە شەوی رابردوو لە ئەنجامی تێکشکاندنی درۆنەکان لە ئاسمانی هەولێر، پارچەی یەکێک لە درۆنەکان بەسەر کافتریایەکدا کەوتووەتە خوارەوە. بۆردوومانەکە کونێکی گەورەی لە بنمیچی کافتریاکەدا دروست کردووە و تەواوی شووشە و پەنجەرەکان و کەلوپەلی ناو شوێنەکە تێکشکاون.

فاخر هەریری کە خاوەنی کافتریاکەیە بە کوردستان24 گوت: "ئێمە دەنگی تەقینەوەیەکی زۆر بەهێزمان بیست، پاشان بینیمان بنمیچی کافتریاکە و شووشەکان بەسەر مێز و کورسییەکاندا رووخان." ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم ناوچەیە بە تەواوی مەدەنییە و هیچ بنکەیەکی سەربازی یان ئەمنی تێدا نییە، بۆیە ئەم رووداوە شۆکێکی گەورەی دەروونیی بۆ خەڵکی گەڕەکەکە و بەتایبەتی ژن و منداڵەکان دروست کردووە.

خاوەنی شوێنەکە جەختیان کردەوە کە هەرچەندە زیانە ماددییەکان زۆرن، بەڵام سوپاسی خودا دەکەن کە لەو ساتەدا هیچ کەسێک لە ژێر ئەو شوێنەدا نەبووە کە پارچە قورسەکەی درۆنەکەی لێ کەوتووەتە خوارەوە.

گوتیشی: دەستبەجێ دوای رووداوەکە تیمە ئەمنییەکان گەیشتنە شوێنەکە بۆ کۆکردنەوەی پاشماوەکان و لێکۆڵینەوە لە جۆری ئەو درۆنەی کە لە ئاسمانی پایتەخت تێکشکێندرابوو.