سوپای پاسداران بۆ ئەپڵ و گوگڵ: دەبنە ئامانجی رەوای ئێمە

سوپای پاسدارانی ئێران  رایگەیاند، لە بەرانبەر کوشتنی بەرپرسە باڵاکانی وڵاتەکەی، هێرش دەکەنە سەر کۆمپانیا تەکنەلۆژییە گەورەکانی ئەمریکا وەک ئەپڵ، گوگڵ، مێتا و تێسلا. سوپای پاسداران ئەو کۆمپانیایانە بەوە تۆمەتبار دەکات کە "رۆڵی سەرەکییان" هەبووە لە دیاریکردنی ئامانجی تیرۆرکردنی سەرکردە ئێرانییەکان.

سوپای پاسداران لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، لە کاتژمێر 8:00ـی شەوی چوارشەممە 1ـی نیسانی 2026ـەوە، دەبێت ئەو کۆمپانیایانە چاوەڕوانی تێکشکاندنی لقەکانیان بن لە بەرانبەر هەر کارکردنێکیان دژی ئێران. ئاماژەی بەوەش کردووە کە حکوومەتی ئەمریکا و زەبەلاحە تەکنەلۆژییەکان هۆشدارییە دووبارەکانی تارانیان پشتگوێ خستووە، بۆیە لەمەودوا وەک "ئامانجی رەوا" سەیر دەکرێن.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە: "ئامۆژگاری کارمەندانی ئەو دامەزراوانە دەکەین دەستبەجێ شوێنەکانیان جێبهێڵن بۆ پاراستنی گیانیان." هەروەها داوا لە دانیشتووانی دەوروبەری ئەو کۆمپانیایانە لە وڵاتانی ناوچەکە کراوە کە بە دووری یەک کیلۆمەتر لەو شوێنانە دوور بکەونەوە.

سوپای پاسداران لیستێکی بڵاوکردووەتەوە کە ناوی چەندین کۆمپانیای وەک (سیسکۆ، ئێچ پی، ئینتێڵ، مایکرۆسۆفت، ئای بی ئێم، ئێنڤیدیا و بۆینگ)ـی تێدایە و بە "کۆمپانیای سیخوڕی" ناوی بردوون.

لەلایەکی دیکەوە، سوپای ئێران رایگەیاند کە لەرێگەی "فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە" چەندین پێگەی ستراتیژی لە ناو خاکی ئیسرائیل کردووەتە ئامانج کە سەر بە کۆمپانیاکانی (سیمێنس و AT&T)ـن. سوپای ئێران دەڵێت ئەو کۆمپانیایانە هاوکاری ئیسرائیل دەکەن لە پەرەپێدانی سیستمە سەربازییەکاندا.

ئەم گرژییانە لە کاتێکدایە کە جەنگی نێوان ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێران پێی ناوەتە دووەم مانگی خۆیەوە. لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگەکەوە لە 28ـی شوباتی رابردوو، چەندین بەرپرسی باڵای ئێران کوژراون، کە دیارترینیان عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای پێشووی کۆماری ئیسلامی بوو.