گۆتێرێز: پێویستە ئەمریکا و ئیسرائیل دەستبەجێ جەنگ رابگرن

ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان

سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، بە مەبەستی گەڕان بە دوای چارەسەری سیاسی، رەوانەکردنی نێردەی تایبەتی خۆی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست راگەیاند. هاوکات جەختی کردەوە، کە کۆتاییهاتنی ململانێکان بەستراوەتەوە بە بڕیاری بوێرانەی سەرکردەکان بۆ هەڵبژاردنی رێگەی ئاشتی.

پێنجشەممە، 2ـی نیسانی 2026، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوە دا، کە پێویستە ئەمریکا و ئیسرائیل دەستبەجێ و بەبێ دواکەوتن جەنگ رابگرن.

گۆتێرێز دەڵێت: کە قەیرانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست چووەتە دووەم مانگییەوە و ناوچەکە رووبەڕووی شەپۆلێکی بێوێنەی مەینەتی مرۆیی و وێرانکاری بووەتەوە.

سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان جەختی لەوە کردەوە، کە هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە بەردەوامن و پێویستە ئەو هەوڵانە لە چوارچێوەی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان و یاسا نێودەوڵەتییەکاندا پاڵپشتی بکرێن. 

گوتیشی: "پێویستە رێز لە سەروەریی وڵاتان بگیرێت، مەدەنییەکان و ژێرخانەکان بپارێزرێن و ئازادیی کەشتیوانی گەرەنتی بکرێت."

سەبارەت بە گرژییەکانی ناوچە ئاوییەکان، گۆتێرێز هۆشداریی دا، کە "خنکاندنی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز هەڕەشە لە لاوازترین توێژەکانی جیهان دەکات و دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک و وزە." لەم چوارچێوەیەدا رایگەیاند کە "ژان ئارنۆ"، نێردەی تایبەتی خۆی رەوانەی ناوچەکە کردووە بۆ پشتیوانیکردنی هەوڵە دیپلۆماسییەکان.

گۆتێرێز داوای لە کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد کە هێرشکردنە سەر دراوسێکانی رابگرێت و رێز لە ئازادیی هاتوچۆ لە رێڕەوە ئاوییە هەستیارەکاندا بگرێت.

هاوکات جەختی کردەوە، کە "ململانێکان بە شێوەیەکی خۆکار کۆتاییان نایەت، بەڵکو بە بڕیاری سەرکردەکان دەبێت؛ بژاردەی ئاشتی هێشتا لەبەردەستدایە و پێویستە ئێستا ئەو بڕیارە بدرێت."

ئەمەش لە کاتێکدایە، بەیانیی شەممە، 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ئێران دەست پێکرد و لە ئەنجامدا چەند سەرکردەیەکی وڵاتەکە کوژران.

بەڵام ئێران هەر زوو وەڵامی ئەو هێرشانەی دایەوە و وێڕای ئاراستەکردنی ژمارەیەک مووشەک بۆ ئیسرائیل، چەندین بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکای لە وڵاتەکانی ناوچەکەدا کردە ئامانج.