ترەمپ هۆشداریی دەداتە ئێران

سەرۆکی ئەمریکا داوای لە سەرکردایەتیی ئێران کرد، دەرفەتی رێککەوتن بقۆزنەوە بۆ پاراستنی ئەوەی کە لە وڵاتەکەیان ماوەتەوە، هاوکات جەختی کردەوە کە کات خەریکە بۆ تاران تەواو دەبێت.

پێنجشەممە، 2ـی نیسانی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تروس) نووسیویەتی: کە کاتی ئەوە هاتووە ئێران بگاتە رێککەوتنێک، "پێش ئەوەی درەنگ بێت و پێش ئەوەی هیچ شتێک لەو وڵاتە نەمێنێتەوە کە هێشتا دەکرێت ببێتە نەتەوەیەکی مەزن."

ترەمپ لە قسەکانیدا ئاماژەی بە گورزێکی توند کرد و گوتی: "گەورەترین پردی ئێران رووخا و چیدیکە بەکارناهێنرێتەوە، هەروەها گورزی زیاتریش لە رێگەدان".

سەرۆکی ئەمریکا جەختی لەوە کردەوە، کە ئێران خەریکە هەموو دەرفەتەکانی گفتوگۆ لەدەست دەدات و هۆشداری دا، کە ئەگەر بە زوویی بڕیاری رێککەوتن نەدەن، دۆخەکە بە جۆرێک تێکدەچێت کە ناتوانرێت قەرەبوو بکرێتەوە.

ترەمپ لە کۆتایی قسەکانیدا رایگەیاند، کە "ئێمە چاوەڕوانی هەنگاوی ئێرانین، بەڵام کات لە بەرژەوەندیی ئەواندا نییە."

ئەم لێدوانانەی ترەمپ لە کاتێکدایە کە لە چەند رۆژی رابردوودا دەنگۆی زۆر لەبارەی هەبوونی گفتوگۆی نهێنی لە نێوان واشنتن و تاران لە ئارادابوو و، واشنتنیش چەندین جار ئاماژەی بەوە کردبوو کە زۆربەی تواناکانی پێشووی ئێران و سەرکردە باڵاکانیان لەناوچوون.

ئەمەش لە کاتێکدایە، بەیانیی شەممە، 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ئێران دەست پێکرد و لە ئەنجامدا چەند سەرکردەیەکی وڵاتەکە کوژران.

بەڵام ئێران هەر زوو وەڵامی ئەو هێرشانەی دایەوە و وێڕای ئاراستەکردنی ژمارەیەک مووشەک بۆ ئیسرائیل، چەندین بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکای لە وڵاتەکانی ناوچەکەدا کردە ئامانج.