عێراق بۆ ئەمریکا: بەشێک نین لە ململانێکان و هەوڵی رێگریکردن لە گرژییەکان دەدەین
وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند: کە وڵاتەکەی لایەن نییە لە ململانێ ناوچەییەکان و خوازیاری ئەوەش نییە ببێتە بەشێک لێی. جەختیشی لەوە کردەوە، کە حکوومەت هەموو هەوڵێک دەدات بۆ رێگریکردن لە هەر جۆرە پەرەسەندنێکی سەربازی.
پێنجشەممە، 2ـی نیسانی 2026، وەزارەتی دەرەوەی عێراق، لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند: کە عێراق لایەن نییە لەو ململانێیانەی ئێستا لە ناوچەکەدا دەگوزەرێن.
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە کرد، کە بە وردی بەدواداچوونی بۆ راگەیەنراوەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا کردووە سەبارەت بە مەترسییە ئەمنییەکان و، جەختی کردەوە کە هەڵوێستی بەغدا جێگیرە لەسەر مانەوەی عێراق لە دەرەوەی بازنەی ململانێکان.
لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە، کە حکوومەت رێگریی دەکات لە هەر لایەن یان تاکێک کە بیەوێت بە شێوەیەکی تاکلایەنە و پێچەوانەی سیاسەتی وڵات کار بکات.
وەزارەتەکە ئەوەشی روون کردەوە، کە ناکرێت هەڵەی تاکەکەسی بۆ سەرجەم دامەزراوەکان گشتگیر بکرێت، بە تایبەت کە عێراق خۆی یەکێکە لەو وڵاتانەی زۆرترین زیانی بەرکەوتووە بەهۆی لێکەوتە سیاسی و ئابوورییەکانی جەنگەوە.
وەزارەتی دەرەوە باسی لەوەش کرد، لەم قۆناغە هەستیارەدا، حکوومەت هەموو هەوڵێکی خۆی بۆ پاراستنی نێردە دیپلۆماسییەکان و بەرژەوەندییە بیانییەکان و هاووڵاتییان چڕ کردووەتەوە و رێگە نادات خاکی عێراق ببێتە شوێنی دەسپێکی هیچ هێرشێک بۆ سەر وڵاتانی دیکە.
ئەم روونکردنەوەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق دوای ئەوە دێت، کە ئەمڕۆ باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا، هۆشدارییەکی ئەمنیی بە پەلەی ئاراستەی هاووڵاتییانی خۆی کرد و رایگەیاند؛ "زانیارییان لەبەردەستە کە گرووپە چەکدارەکان لە هەوڵی ئەنجامدانی هێرشن لە ناوەڕاستی بەغدا لە ماوەی 24 بۆ 48 کاتژمێری داهاتوودا.