گەورەترین کەشتی فڕۆکەهەڵگری ئەمریکا دەگەڕێتەوە بەرەکانی جەنگی ئێران

هێزی دەریایی ئەمریکا رایگەیاند، کەشتی فڕۆکەهەڵگری "یو ئێس ئێس جێرالد فۆرد" کە گەورەترین کەشتی فڕۆکەهەڵگرە لە جیهاندا، خاکی کڕواتیای جێهێشتووە و بەرەو رۆژهەڵات کەوتووەتە رێ.

رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" بڵاویکردەوە، بڕیارە ئەم کەشتییە جەنگییە زەبەلاحە جارێکی دیکە پەیوەندی بەو هێزانەوە بکاتەوە کە بەشدارن لە جەنگی دژی ئێران، هێزی دەریایی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشکردووە، سەرجەم کێشە تەکنیکییەکانی ناو کەشتییەکە چارەسەر کراون و ئێستا لەوپەڕی ئامادەباشیدایە بۆ جێبەجێکردنی ئەرکە نیشتمانییەکانی لە هەر ناوچەیەک بێت.

جێرالد فۆرد کە پێش دەستپێکردنی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران لە 28ـی شوباتدا لە دەریای ناوەڕاست جێگیر کرابوو، لە 12ـی ئاداری رابردوو بەهۆی کەوتنەوەی ئاگرێک لە بەشی "جلشۆرین"ی کەشتییەکەدا، رەوانەی بنکەیەکی دەریایی لە دوورگەی کریت کرا، بەپێی زانیارییەکانی سوپای ئەمریکا، ئاگرەکە زیانی بە نزیکەی 100 جێگەی خەوتن گەیاندبوو، جگە لەوەی کەشتییەکە کێشەی لە سیستەمی ئاوەڕۆ و توالێتەکانیدا هەبوو، هێزی دەریایی جەختی کردەوە،  ئاگرەکە هیچ پەیوەندییەکی بە جەنگەوە نەبووە.

بڕیارە کەشتی فڕۆکەهەڵگری "جێرالد فۆرد" بە هەماهەنگی لەگەڵ کەشتی فڕۆکەهەڵگری "یو ئێس ئێس ئەبراهام لینکن" کار بکات کە ئێستا لە کەنداوی عەرەب جێگیرە، هاوکات، واشنتن کەشتی فڕۆکەهەڵگری سێیەمی بە ناوی "یو ئێس ئێس جۆرج ئێچ دەبلیو بوش" بەرەو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێکردووە و چاوەڕوان دەکرێت لە چەند رۆژی داهاتوودا بگاتە ناوچەکە، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ پەرەپێدانی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا.