کڵێساکانی دوبەی: رێوڕەسمی هەینی مەزن لە رێگەی یوتیووب پەخش دەکرێت
بەهۆی ئاڵۆزییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هێرشە مووشەکییەکانی ئێران، دوو کڵێسای گەورە لە دوبەی سەرجەم رێوڕەسمە ئایینییەکانیان هەڵوەشاندەوە و داوا لە کریستیانەکان دەکرێت بۆ پاراستنی سەلامەتییان سەردانی باڵەخانەی کڵێساکان نەکەن.
هەینی 3ی نیسانی 2026، دوو کڵێسای کاسۆلیکی لە دەوڵەتی ئیمارات لەسەر ماڵپەڕی فەرمیی خۆیان رایانگەیاند، لە کاتێکدا جەژنی قیامە نزیک دەبێتەوە، بەهۆی بارودۆخی جەنگ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، سەرجەم رێوڕەسمە ئایینییەکان (قەداس) لە دوبەی هەڵوەشێنراونەتەوە.
کڵێسای "قەدیس فرانسیس" لە ناوچەی جەبەل عەلی لە دوبەی بڵاویکردەوە: "بەگوێرەی رێنماییەکانی حکوومەت، سەرجەم رێوڕەسمەکان لە کڵێساکەمان تا کاتێکی نادیار راگیراون." کڵێساکە داواشی لە پەیڕەوانی کردووە بۆ پاراستنی سەلامەتیی گشتی، لە سەردانیکردنی باڵەخانەی کڵێساکە دوور بکەونەوە.
ئەم بڕیارە دوای ئەوە دێت کە ناوچەی جەبەل عەلی رووبەڕووی چەندین هێرشی مووشەکی و درۆنیی ئێران بووەتەوە. تاران لە وەڵامی هێرشە هاوبەشەکەی ئەمریکا و ئیسرائیل کە لە 28ی شوبات دەستیپێکرد، چەندین شوێنی لە وڵاتانی کەنداو کردووەتە ئامانج.
هاوکات کڵێساکەی کاسۆلیکی "قەدیسە مەریەم" لە دوبەی راگەیەندراوێکی هاوشێوەی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوە کرد، رێوڕەسمی "هەینیی مەزن" بە شێوەی راستەوخۆ لە رێگەی یوتیووبەوە پەخش دەکرێت و رێوڕەسمەکە بە ئامادەبوونی خەڵک بەڕێوە ناچێت.