کاروان ستوونی: ڤیزای سەرجەم حاجییانی هەرێمی کوردستان گەڕاوەتەوە
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەهۆی پاڵپشتییە بەردەوامەکانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، سەرجەم کاروبارەکانی حاجییان بۆ ئەمساڵ بە ئاسایی بەڕێوە دەچن و ڤیزای هەموو حاجییانیش گەڕاوەتەوە.
شەممە، 4ـی نیسانی 2026، کاروان ستوونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا ئاشکرای کرد، ئەمساڵیش حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، پاڵپشتییەکی گەورەی بۆ پڕۆسەی حەج دابین کردووە، ئەمەش وای کردووە تاوەکوو ئێستا کاروبارەکان بە شێوەیەکی زۆر ئاسایی و رێکوپێک بەڕێوە بچن.
گوتەبێژی فەرمی حەج و عومرە ئاماژەی بەوە کرد، تاوەکوو ئێستا ئامادەکارییەکانی پڕۆسەی حەج لە هەرێمی کوردستان، عێراق و سعوودییە بە پێی پلانەکان بەردەوامن و سەرەڕای ئەو ئاڵۆزییانەی لە ناوچەکەدا هەن، هیچ جۆرە وەستانێک لە کارەکاندا دروست نەبووە.
سەبارەت بە ڤیزای حاجیان، کاروان ستوونی رایگەیاند: "ئێستا ڤیزای سەرجەم حاجیانی هەرێمی کوردستان گەڕاوەتەوە و لەگەڵ دەستپێکردنی وەرزەکەدا هیچ کێشەیەکیان نابێت."
هەروەها دەڵێت: بڕیارە لە رێکەوتی 18ـی نیسانی 2026، ڤیزای حەج بە فەرمی چالاک بکرێت و لەو کاتەوە وەرزی حەج بۆ هەموو وڵاتانی جیهان دەست پێدەکات.
هاوکات ستوونی باسی لە رێکارە جێگرەوەکان کرد و گوتی: ئەگەر بارودۆخی ئەمنی و شەڕ لە ناوچەکەدا بەردەوام بێت، بە ئەگەرێکی زۆرەوە گەشتی حاجییان لە رێگەی ئاسمانییەوە دەکرێتە رێگەی وشکانی. لەو بارەیەشەوە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی ئەوقاف بڕیاری کۆتایی لەسەر شێوازی گواستنەوەی حاجییان دەدەن.