ئیسرائیل خۆی بۆ هێرشکردنە سەر دامەزراوەکانی وزەی ئێران ئامادە دەکات

بەرپرسێکی باڵای  ئیسرائیل بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاند: کە وڵاتەکەی سەرجەم ئامادەکارییەکانی بۆ هێرشکردنە سەر دامەزراوەکانی وزەی ئێران تەواو کردووە و ئێستا تەنیا چاوەڕێی "گڵۆپی سەوز" و رەزامەندیی فەرمیی ئەمریکایە بۆ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکە.

شەممە، 4ـی نیسانی 2026، بەرپرسێکی باڵای  ئیسرائیل، بۆ ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز، ئاشکرای کرد، ئیسرائیل لەوپەڕی ئامادەباشیدایە بۆ هێرشکردنە سەر دامەزراوەکانی وزەی کۆماری ئیسلامیی ئێران.

هاوکات ئاماژەی بەوە کرد، کە ئەم هێرشانە ئەگەری زۆرە لە چەند رۆژی داهاتوودا ئەنجام بدرێن، بەڵام وڵاتەکەی ئێستا چاوەڕێی وەرگرتنی رەزامەندیی کۆتایی و "گڵۆپی سەوز" لە لایەن ئەمریکاوە دەکات.

ئەم لێدوانە فەرمییانەی بەرپرسە ئیسرائیلییەکە دوای ئەوە دێن، کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، هۆشداری کۆتایی و مۆڵەتێکی 48 کاتژمێریی ئاراستەی تاران کرد.

 ئەم پەرەسەندنە نوێیە سەرنجی ناوەندە سیاسی و سەربازییەکانی جیهانی چڕکردووەتەوە لەسەر ئەوەی، ئایا واشنتن تا چەند پشتیوانی لە فراوانبوونی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئیسرائیل دەکات بۆ سەر جومگە هەستیارەکانی ئابووری و وزەی ئێران لەم قۆناغەدا.

هاوکات بە گوێرەی راپۆرتێکی کەناڵی (i24NEWS)، بەرپرسانی ئیسرائیل ئاماژە بەوە دەکەن کە سوپای وڵاتەکەیان چاوی بڕیوەتە کارگەکانی چەک و تەقەمەنی و ئەو ناوەندە ئابوورییانەی کە بڕبڕەی پشتی دەسەڵاتی تارانن.

 سەرچاوەیەکی ئەمنی لەم بارەیەوە ئاشکرای کردووە، کە ئەرکە سەربازییەکەیان لە تەواوبوون نزیک دەبێتەوە، کە ئامانج لێی پەکخستنی تەواوەتیی سەرچاوە گرنگەکانی ئێرانە؛ ئەمەش هەموو شتێک دەگرێتەوە، لە دابینکردنی کەرەستەی خاوی سەرەتاییەوە تاوەکوو دەگاتە کەرتی کارەبا و سووتەمەنی.

ئەم سەرچاوەیە جەختی کردەوە کە ستراتیژیی نوێی ئیسرائیل تەنیا لێدانی سەربازی نییە، بەڵکوو بێبەشکردنی ئێرانە لەو کۆڵەکە بنەڕەتییانەی کە وڵاتەکەی پێ بەڕێوە دەبەن.