ئیسرائیل بەنیازە سنووری نێوان لوبنان و سووریا بۆردوومان بکات
سوپای ئیسرائیل هۆشدارییەکی بەپەلەی ئاراستەی دانیشتووان و گەشتیارانی ناوچەی "دەروازەی مەسنەع" لەسەر سنووری نێوان سووریا و لوبنان کرد، کە بە مەبەستی بۆردومانکردنی، ناوچەکە چۆڵ بکەن.
سوپای ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: "هۆشدارییەکی بەپەلە ئاراستەی هەموو ئەو کەسانە دەکەین کە لە ناوچەی دەروازەی مەسنەع لەسەر سنووری سووریا و لوبنانن، هەروەها هەموو ئەو گەشتیارانەی رێگەی M30 بەکاردەهێنن، پێویستە دەستبەجێ ناوچەکە چۆڵ بکەن."
سوپای ئیسرائیل ئاماژەی بەوەش کردووە، بە نیازە ئەو ناوچەیە بکاتە ئامانج، چونکە "حزبوڵڵای لوبنانی دەروازەی مەسنەع بۆ مەبەستی سەربازی و قاچاخچێتی چەک و کەرەستەی جەنگی بەکاردەهێنێت."
فراوانبوونی جەنگ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ ناو خاکی لوبنان لە 2ی ئاداردا دەستیپێکرد، دوای ئەوەی حزبوڵڵا وەک وەڵامێک بۆ کوژرانی عەلی خامنەیی، رێبەری ئێران لە یەکەم رۆژی هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیلدا، کۆمەڵێک مووشەکی ئاراستەی ئیسرائیل کرد.
سەرچاوەیەکی ئەمنیی لوبنانی لە ناو دەروازەی مەسنەع رایگەیاند: "ئێستا لەسەر بنەمای هەڕەشەکانی ئیسرائیل، خەریکی چۆڵکردنی دەروازەکەین."
لە لایەکی دیکەوە و لە ناو خاکی سووریا، مازن عەلووش، بەڕێوەبەری پەیوەندییە گشتییەکانی دەستەی گشتی سنوور و گومرگ جەختی کردەوە کە دەروازەی "جەدیدە یابووس" لە دیوی سووریا، تەنیا بۆ مەبەستی مەدەنی بەکاردێت و هیچ چالاکییەکی سەربازی لێ نییە. عەلووش گوتیشی: "لەبەر رۆشنایی ئەو هۆشدارییانەی بڵاوکراونەتەوە و لەپێناو پاراستنی گیانی گەشتیاران، هاتوچۆ لە دەروازەکە بە شێوەیەکی کاتی رادەگیرێت تا ئەو کاتەی مەترسییەکان نامێنن."
دەروازەی مەسنەع بە شاڕێی سەرەکی نێوان لوبنان و سووریا دادەنرێت و رێڕەوێکی بازرگانیی زۆر گرنگە بۆ هەردوو وڵات، هاوکات دەروازەی وشکانیی سەرەکی لوبنانە بۆ وڵاتانی ناوچەکە.
ئیسرائیل پێشتریش لە تشرینی یەکەمی 2024دا و لە کاتی جەنگی پێشووی لەگەڵ حزبوڵڵا، هێرشی کردبووە سەر ئەم دەروازەیە، کە بەهۆیەوە بۆ ماوەی مانگێک و تا کاتی راگەیاندنی ئاگربەست بە داخراوی مابووەوە.