بەڕێوەبەری سندووقی دراوی نێودەوڵەتی هۆشداری لە لێکەوتەکانی جەنگی ئێران دەدات
بەڕێوەبەری سندووقی دراوی نێودەوڵەتی هۆشداری لەبارەی لێکەوتەکانی جەنگی دژی ئێران دەدات و رایدەگەیەنێت، داخستنی گەرووی هورمز شۆکێکی گەورەی لە بازاڕەکانی وزە و خۆراکدا دروست کردووە.
کریستاڵینا جۆرجیێڤا، بەڕێوەبەری سندووقی دراوی نێودەوڵەتی راگەیەنراوێکی لەبارەی جەنگی ئێران و لێکەوتەکانی بڵاو کردەوە.
جۆرجیێڤا لە راگەیەنراوەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە، جەنگی ئیسرائیل و ئەمریکا دژی ئێران شۆکێکی گەورەی لە کەرتی ئابووریی جیهاندا دروست کردووە، بەتایبەت دوای ئەوەی ئێران دەستی بۆ داخستنی گەرووی هورمز برد وەکوو کارتێکی ئابووری.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەدا، بەڕێوەبەری سندووقی دراوی نێودەوڵەتی روونیشی کردەوە، داخستنی گەرووی هورمز گەورەترین ناسەقامگیریی لە بازاڕی نەوتدا دروست کردووە و وای کرد نرخی یەک بەرمیل نەوت بچێتە 120 دۆلار.
هەروەها ئاماژەی بەوە دا، جەنگی ئێران وای کردووە کەشتییەکان رێڕەوی خۆیان بگۆڕن و بەوەش نرخی خۆراک لە جیهاندا بەرز ببێتەوە. هاوکات نرخی پەینی کیمیایی چەند هێندە بەرز بووەتەوە، چونکە یەک لەسەر سێی پەینی کیمیایی جیهان بە گەرووی هورمزدا تێدەپەڕێت، بەتایبەت لەم کاتەدا وەرزی چاندن دەستی پێکردووە.
لە دوای سەرهەڵدانگی جەنگ و وەک کاردانەوەیەک بۆ هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل؛ سوپای پاسدارانی ئێران گەرووی هورمزی داخستووە و رۆژانە رێگە بە تێپەڕبوونی ژمارەیەکی زۆر کەمی کەشتیی بازرگانی دەدات.
گەرووی هورمز یەکێکە لە گرنگترین دەروازە ئاوییەکانی جیهان بۆ گواستنەوەی وزە. پێش جەنگ، رۆژانە نزیکەی 20 ملیۆن بەرمیل نەوت بەم گەرووەدا تێدەپەڕی و بەرەو بازاڕەکانی جیهان دەگوازرایەوە.
پێشتریش چەندین جار تاران هۆشداریی دابوو ئەگەر بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی بکەونە مەترسییەوە، رێگە نادات هیچ کەشتییەکی بازرگانی بە گەرووی هورمزدا هاتوچۆ بکات. ئەم هەنگاوە راستەوخۆ کاریگەریی لەسەر زنجیرەی دابینکردنی خۆراک و وزە دروست کردووە و وڵاتانی هەناردەکاری ناچار کردووە رێڕەوی کیشوەری ئەفریقا بەکاربهێنن، ئەمەش تێچووی گواستنەوەی بۆ دوو هێندە زیاد کردووە.