ژاپۆن تایمز: جەنگی ئێران و ئەمریکا هەزاران قوربانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لێکەوتووەتەوە

دیمەنێکی بۆردومانی ئیسرائیل بۆ سەر بەیرووت
دیمەنێکی بۆردومانی ئیسرائیل بۆ سەر بەیرووت

رۆژنامەی "ژاپۆن تایمز" لە راپۆرتێکدا نوێترین ئامارەکانی قوربانیانی جەنگی نێوان ئێران و هەریەک لە ئەمریکا و ئیسرائیلی بڵاوکردەوە کە لە 28ی شوباتی ئەمساڵەوە دەستیپێکردووە. بەگوێرەی راپۆرتەکە، هەزاران کەس لە چەندین وڵاتی جیاوازی ناوچەکە گیانیان لەدەستداوە و شەڕەکە چەندین بەرەی نوێی لە لوبنان و ناوچەکانی دیکە کردووەتەوە.

بەگوێرەی راپۆرتێکی رۆژنامەی "جاپان تایمز"، لەوەتەی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە 28ی شوبات و دەستپێکردنی هێرشە پێچەوانەکانی تاران بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا و وڵاتانی کەنداو، هەزاران کەس بوونەتە قوربانی. لێرەدا وردەکاری ئامارەکان بەپێی وڵاتەکان دەخەینە روو:

ئێران
رێکخراوی "HRANA" بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاندووە، لە سەرەتای جەنگەکەوە 3,540 کەس کوژراون، کە 1,616 کەسیان هاووڵاتی مەدەنین و 244 منداڵیان تێدایە. هاوکات فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی خاچی سوور و مانگی سوور ئاماژە بە کوژرانی 1,900 کەس و برینداربوونی 20,000 کەسی دیکە دەکەن، کە 104 سەربازی ئێرانی لە هێرشێکی سەر کەشتییەکی جەنگی لە نزیک سریلانکا لە نێویاندایە.

عێراق

تەندروستی عێراق ئاشکرای کردووە کە لانی کەم 108 کەس کوژراون، کە پێکهاتوون لە هاووڵاتی مەدەنی، چەکدارانی حەشدی شەعبی، پێشمەرگە، پۆلیس و سوپا. هەروەها کارمەندێکی بیانی کەشتییەکی گواستنەوەی نەوت لە نزیک بەندەرەکانی عێراق کوژراوە.

لوبنان
بەرپرسانی لوبنان دەڵێن لە 2ی ئادارەوە 1,461 کەس کوژراون کە 124 منداڵیان تێدایە. حزبوڵڵای لوبنانیش کوژرانی زیاتر لە 400 چەکداری خۆی پشتڕاستکردووەتەوە. سوپای لوبنانیش رایگەیاندووە 10 سەربازیان لە هێرشەکانی ئیسرائیلدا گیانیان لەدەستداوە. هەروەها 3 سەربازی ئاشتیپارێزی نەتەوە یەکگرتووەکان (یۆنیفێل) کە خەڵکی ئیندۆنیزیان، لە باشووری لوبنان کوژراون.

ئیسرائیل
بەهۆی موشەکەکانی ئێران و لوبنانەوە، 19 کەس لە ئیسرائیل کوژراون. سوپای ئیسرائیلیش کوژرانی 10 سەربازی لە باشووری لوبنان پشتڕاستکردووەتەوە.

ئەمریکا
تا ئێستا 13 سەربازی ئەمریکی کوژراون؛ 6 کەسیان بەهۆی تێکشکان و کەوتنی فڕۆکەیەکی سووتەمەنی بووە لە ئاسمانی عیراق، و 7 کەسی دیکەیان لە کاتی ئۆپەراسیۆنەکان دژی ئێران کوژراون. هەروەها 12 سەربازی دیکە لە بنکەی "شازادە سوڵتان" لە سعوودیە بریندار بوون.

وڵاتانی کەنداو و ناوچەکە

ئیمارات: 12 کەس کوژراون، لە نێویاندا دوو سەرباز هەن. دوایین قوربانی بەهۆی کەوتنەخوارەوەی پاشماوەی موشەکێک بوو لەسەر دامەزراوەی غازی حەبشان لە ئەبوزەبی.

قەتەر: 7 کەس لە تێکشکانێکی فڕۆکەی جەنگی بەهۆی کێشەی تەکنیکییەوە گیانیان لەدەستداوە.

کوەیت: 7 کەس گیانیان لەدەستداوە، کە دوو ئەفسەری ناوخۆ و دوو سەربازیان تێدایە.

بەحرەین: 2 کەس لە هێرشەکاندا کوژراون، لەگەڵ بەڵێندەرێکی مەغریبی.

سعوودیە: 2 کەس لە شاری "ئەلخەرج" بەهۆی کەوتنەخوارەوەی موشەک گیانیان لەدەستداوە.

عومان: 3 کەس کوژراون؛ دووانیان لە هێرشێکی درۆنی بۆ سەر ناوچەیەکی پیشەسازی لە سوحار.

سوریا و کەناری رۆژئاوا
لە سوریا 4 کەس لە شاری سوەیدا بەهۆی موشەکی ئێرانییەوە کوژراون. لە کەناری رۆژئاوای فەلەستینیش، 4 ژنی فەلەستینی بەهۆی موشەکێکی ئێرانییەوە گیانیان لەدەستداوە.

فەرەنسا

 سەربازێکی فەرەنسی لە باکووری عیراق کوژراوە و 6ی دیکەش بریندار بوون، کاتێک لە کاتی مەشق پێکردن بە هێزە ناوخۆییەکان رووبەڕووی هێرشی درۆنی بوونەتەوە.