تا ئێستا 245 قوتابیی ئێرانی بەهۆی جەنگەوە کوژراون
بەرپرسی پەیوەندییە گشتییەکانی وەزارەتی پەروەردەی کۆماری ئیسلامی ئێران دوا ئاماری قوتابیانی قوربانی جەنگ و ئەو ناوەندانەی خوێندن کە بەهۆی هێرشەکانەوە زیانیان پێگەیشتووە، بڵاوکردەوە و دەڵێت، "57.5%ـی قوربانییەکان کوڕ و 42.5% شیان کچن.
حوسێن سادقی، بەرپرسی پەیوەندییە گشتییەکانی وەزارەتی پەروەردەی ئێران بە ئاژانسی ئیسنای راگەیاندووە، لە ماوەی 37 رۆژی جەنگیی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل دژ بە ئێران، 245 قوتابی بە هۆی هێرشەکانەوە کوژراون، کە 136 قوتابی کوڕ و 102 قوتابی کچن، ئاماژەی بەوەش دا، حەوت فێرخوازی نوێی پۆلی یەکەمی بنەڕەتیش کوژراون، کە پێنج کوڕ و دوو کچ بوون.
هەر بە گوتەی سادقی لە سەرەتای ئەم جەنگەوە تاوەکوو ئەمڕۆ دووشەممە، 6ـی نیسانی 2026، 11 کارمەندی پیاو و 38 کارمەندی ئافرەتی کەرتی پەروەردە لە هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا کوژراون، هاوکات شەش پیاو و سێ ئافرەتی خانەنشینکراو هەر بەهۆی هێرشەکانەوە کوژراون.
هەر لە بارەی زیانە گیانییەکانەوە، بەرپرسەکەی وەزارەتی پەروەردەی ئێران ئاشکرای کردووە، 178 قوتابی و 24 کارمەندی کەرتی پەروەردە برینداربوون.
حوسێن سادقی ئاماژەیداوە، هەر بەهۆی جەنگەوە 764 ناوەندی پەروەردە و فێربوون لەگەڵ 51 ناوەندی ئیداری، 15 ناوەندی رۆشنبیری، 23 هۆڵی وەرزشی، 7 کەمپی چالاکییەکانی قوتابخانەکان زیانیان پێگەیشتووە.
گوتیشی، لە 37 رۆژی جەنگدا، 51 قوتابخانە وێران بوون و 713 باڵەخانەی دیکەی قوتابخانەش زیانیان پێگەیشتووە، کە زۆرترینینان لە شارەکانی تاران و کرماشان دان.