سنووری کەرکووک.. فرۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا هێرشیان کردە سەر حەشدی شەعبی

فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا ئەمرۆ بەیانی لە سنووری کەرکووک هێرشیان کردە سەر لیوای 16ـی حەشدی شەعبی.

ئەمڕۆ سێشەممە، 7ـی نیسانی 2026، سەرچاوەیەکی ئەمنی بە کوردستان24ـی راگەیاند، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا ئۆتۆمبێلی گواستنەوە و گەیاندنی لیوای 16ـی حەشدی شەعبییان لەگوندی بەشیری سەر بەناحیەی تازە خورماتووی باشووری کەرکووک کردۆتە ئامانج.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، تاوەکوو ئێستا دیار نیە لە بۆردومانەکەدا قوربانی هەیە یاخود نا.

هەر ئەمڕۆ دەستەی حەشدی شەعبی لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، لە کاتژمێر 4:00ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، 7ـی نیسانی 2026، هێرشی ئاسمانی کرایە سەر لیوای 45ـی سەر بە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنی جەزیرەی حەشدی شەعبی لە قەزای قائیم سەر بە پارێزگای ئەنبار.

لە راگەیەندراوەکەی حەشدی شەعبی دا هاتووە، لە هێرشەکەی سەر لیوای 45 کە لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیل کراوە، چەکدارێکیان کوژراوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، هێزەکانیان بەردەوامن لەسەر ئەرکەکانیان و دڵنیایشی دا، سەرەڕای هێرشکردنە سەر شوێنەکانیان، ئامادەیی تەواویان هەیە بۆ پاراستنی ئەمن و ئاسایشی وڵات.

ئەمە لەکاتێکدایە قاسم موسڵیح، فەرماندەی یەکەی ئۆپەراسیۆنی حەشدی شەعبی لە سنووری پارێزگای ئەنبار لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، شەوی رابردوو بارەگەکانیان لە ناوچە جیاوازەکانی ئەنبار بە چڕی بۆردوومانکراون، بەجۆرێک تەنیا لەو شەوەدا حەوت جار بۆردومان کراون.

فەرماندەکە باسی لەوەشکردووە، هێرشەکان لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل و ئەمریکاوە ئەنجامدراون، سەرباری زیانێکی زۆر بە بارەگاکانیان، ژمارەیەک ئۆتۆمبێلی سەربازیشیان زیانیان بەرکەوتووە، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی تۆمار نەکراوە.