وەزارەتی کارەبا: کێشە تەکنیکییەکان چارەسەرکران و دۆخی کارەبا ئاسایی دەبێتەوە

وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، سەرجەم ئەو کێشە تەکنیکییانەی بوونە هۆی پچڕانی کارەبا چارەسەرکراون و لە ئێستادا بەرهەمهێنانی کارەبا پەیتا پەیتا دەگەڕێتەوە دۆخی ئاسایی خۆی.

دوێنێ بەهۆی خراپیی کەشوهەواوە، کێشەیەکی تەکنیکی گەورە لە تۆڕی کارەبای نیشتمانی دروستبوو، کە بووە هۆی کوژاندنەوەی گشتی (Blackout). هەرچەندە تیمە تەکنیکییەکان توانییان لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا کێشەکە چارەسەر بکەن، بەڵام دواتر گرفتێکی دیکەی تەکنیکی لە کێڵگەی گازی کۆرمۆر هاتە پێش، کە بەهۆیەوە بەشێک لە بەرهەمهێنانی گاز وەستا و کاریگەری نەرێنی لەسەر بڕی کارەبای نیشتمانی دروستکرد.

لەو بارەیەوە، بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی کارەبا بە (کوردستان24)ی راگەیاند: "بەرەبەیانی ئەمڕۆ کێشەی کێڵگەی کۆرمۆر بە تەواوەتی چارەسەرکراوە. لە ئێستادا بەرهەمهێنانی کارەبا گەیشتووەتە نزیکەی چوار هەزار مێگاوات و زۆربەی ناوچەکان کارەبای 24 کاتژمێریان هەیە."

ئاماژەی بەوەشدا، لەو شوێنانەی کە هێشتا کێشەی تەکنیکییان ماوە، مۆلیدە ئەهلییەکان وەک یەدەگ کار دەکەن بۆ ئەوەی هاووڵاتییان بێ کارەبا نەبن. ئومێدیشی خواست کە دۆخەکە بەرەو ئاساییبوونەوەی تەواوەتی هەنگاو بنێت.

هاوکات سەرچاوەیەکی تایبەت بە (کوردستان24)ی راگەیاند، هەرێمی کوردستان بۆ بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا تا ئاستێکی زۆر پشت بە گازی سروشتی کێڵگەی کۆرمۆر دەبەستێت، چاوەڕوان دەکرێت تاوەکو ئێوارەی ئەمڕۆ هیچ کێشەیەک لە دابینکردنی گاز بۆ وێستگەکانی کارەبا نەمێنێت و پێدانی کارەبا بە هاووڵاتییان بە تەواوەتی جێگیر ببێتەوە.