گەشتە ئاسمانییەکانی عێراق دەستپێدەکەنەوە
هێڵی ئاسمانی عێراقی دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکانی راگەیاند و ئاشکرای کرد، رۆژی هەینی گەشتە ئاسمانییە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکانی دەست پێدەکاتەوە، داواشی لە گەشتیاران کرد حجزکردنی گەشتەکانیان لە ئۆفیسی فەرمی پشتڕاست بکەنەوە.
بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیاکە، ئەندازیار مەناف عەبدولمونعیم عەجیل لە راگەیەندراوێکدا گوتی، رۆژی هەینی، 10ـی نیسانی 2026، گەشتەکانی هێڵی ئاسمانی نیشتمانی دەستپێدەکاتەوە، ئەمەش لە چوارچێوەی پلانەکەیانە بۆ رێکخستنەوەی هاتوچۆی ئاسمانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی و بەردەستکردنی گەشتەکان.
دەشڵێت، قۆناغی یەکەمی پلانەکە بریتی دەبێت لە ئەنجامدانی گەشتە ناوخۆییەکان لە نێوان بەغدا، هەولێر، سلێمانی و بەسرە دەبێت، هەروەها ژمارەیەک گەشتی نێودەوڵەتیش لە نێوان ئیستانبوڵ، قاهیرە، عەممان ئەنجام دەدرێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکان لە چوارچێوەی دیدگایەکی کارگێڕیدایە کە بە باشی لێکۆڵینەوەی لەسەر کراوە و ئامانج لێی گەڕاندنەوەی وردە وردە و سەلامەتی چالاکییەکانی هێڵی ئاسمانییە.
هەروەها ئاماژەی بە پابەندبوونی کۆمپانیاکە کرد بە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان بۆ گەشتیاران بەپێی بەرزترین ستانداردی سەلامەتی و کوالیتی، لە هەمان کاتدا لە نزیکەوە چاودێری هەموو پێشهاتەکانی دەوروبەری دەکات.
بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیاکە داوای لە گەشتیاران کرد سەردانی نووسینگە فەرمییەکانی هێڵی ئاسمانی عێراقی بکەن لە ناوخۆ و دەرەوەی عێراق یان سوود لە خزمەتگوزارییەکانی ئەپڵیکەیشنی ئەلیکترۆنی وەربگرن بە مەبەستی پشتڕاستکردنەوەی حجزکردنی گەشتەکان.
ماوەی 40 رۆژە گەشتە ئاسمانییەکانی عێراق و وڵاتانی ناوچەکە بەهۆی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆسەر ئێران وەستاون، بەڵام ئەمڕۆ چوارشەممە لەگەڵ راگەیاندنی ئاگربەستی جەنگ، وردە وردە دۆخی هێڵە ئاسمانییەکانی وڵاتانی ناوچەکە ئاسایی دەبێتەوە.