بەریتانیا: دەمانەوێت ئاگربەست لوبنانیش بگرێتەوە

ئیڤێت کووپەر، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا
ئیڤێت کووپەر، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا

وەزیری دەرەوەی بەریتانیا رایگەیاند، وڵاتەکەی بە تووندی پشتگیری لەوە دەکات لوبنانیش بخرێتە نێو رێککەوتنی ئاگربەست لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و نیگەرانی وڵاتەکەشی لە لێکەوتە مرۆییەکانی هێرشەکانی ئیسرائیل نیشاندا.

ئیڤێت کووپەر، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، رۆژی پێنجشەممە رایگەیاند، لەندەن بە تووندی دەیەوێت لوبنان بخرێتە نێو رێککەوتنی ئاگربەستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە.

کووپەر لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی "سکای نیوز" وتی: "دەمانەوێت ببینین ئاگربەستەکە لوبنانیش دەگرێتەوە. من زۆر نیگەرانم لەو هێرشانەی دوێنێی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان کە بوونە هۆی پەرەسەندنی گرژییەکان."

وەزیری دەرەوەی بەریتانیا ئاماژەی بە رەوشی مرۆیی ئەو وڵاتە کرد و گوتی: "ئێمە لێکەوتە مرۆییەکان و ئاوارەبوونی بەکۆمەڵی خەڵکمان لە لوبنان بینیوە، بۆیە بە تووندی دەمانەوێت ئاگربەستەکە بۆ لوبنانیش درێژ بکرێتەوە."

هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر چەندین ناوچەی لوبنان بوونە هۆی کوژران و برینداربوونی سەدان کەس. لە بەرانبەردا، نەواف سەلام، سەرۆکوەزیرانی لوبنان، رایگەیاند، ئیسرائیل "گوێ بە هیچ هەوڵێکی هەرێمی و نێودەوڵەتی نادات بۆ راگرتنی شەڕ،" داواشی لە "دۆستانی لوبنان" کرد یارمەتیی وڵاتەکەی بدەن بۆ راگرتنی هێرشەکان.