کەمال خەرازی گیانی لەدەستدا
کەمال خەرازی سەرۆکی ئەنجوومەنی ستراتیژی پەیوەندییە دەرەکییەکان و راوێژکاری باڵای رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران، بەهۆی سەختی برینەکانییەوە گیانی لەدەستدا.
میدیاکانی ئێران، بەرە بەیانی ئەمڕۆ هەینی 10ی نیسانی 2026، هەواڵی گیان لەدەستدانی خەرازی بڵاوکردووەتەوە و ئاماژەیداوە، سەرۆکی ئەنجوومەنی ستراتیژی پەیوەندییە دەرەکییەکان کە لە هێرشێکی ئامانجداری ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ماڵەکەی لە تاران بریندارکرا بوو، بەهۆی سەختی برینەکانییەوە گیانی لەدەستدا.
پێشتر لە 2ی ئەم مانگە، میدیاکانی ئێران بڵاویانکردبووەوە، لە ئەنجامی بۆردومانکردنی ماڵەکەی کەمال خەرازی لە تاران، هاوسەرەکەی گیانی لەدەستداوە، خۆیشی لە نەخۆشخانەیە و باری تەندروستی ناجێگیرە.
دوای دامەزراندنی ئەنجوومەنی ستراتیژیی پەیوەندییەکانی دەرەوە، لە ساڵی 2006 لەلایەن عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێرانەوە بۆ هاوکاریی لە "بڕیارە گرنگ و چارەنووسازەکان، خەرازی بە سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنەکە راسپێردرا.
خەرازی پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ خانەوادەی خامنەیی هەبووە، سەوسەن خەرازی خوشکی کەمال خەرازی هاوسەری مەسعود خامنەیی کوڕی سێیەمی عەلی خامنەیی رێبەری باڵای ئێرانە. ئەمەش پێگەی ئەوی لە ناوەندە راوێژکارییەکاندا بەهێزتر کرد بوو.
پوختەیەک لە ژیاننامەی کەمال خەرازی:
کەمال خەرازی لە 10ی کانونی یەکەمی ساڵی 1944 لەدایکبووە، خوێندنی سەرەتایی و ئامادەیی لە قوتابخانەی عەلەوی تەواوکردووە و لە ساڵی 1968 بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە زمانی عەرەبی و لە ساڵی 1972 بڕوانامەی ماستەر لە زانستە پەروەردەییەکان لە زانکۆی تاران و لە ساڵی 1976 دکتۆرای لە بەڕێوەبردنی پەروەردەیی زانکۆی هیوستن بە دەستهێناوە.
خاوەنی پلەی پرۆفیسۆرە لە سەرجەم زانکۆکان و ئەندامی فاکەڵتی دەروونناسی و زانستە پەروەردەییەکان بووە لە زانکۆی تاران. هەروەها سەرۆکی دەستەی ئەمینداری پەیمانگای توێژینەوەی زانستە مەعریفیەکان بووە.
دوای سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران، بەڕێوەبەری بەرنامە تەلەفزیۆنیەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بووە و لە ساڵی 1979 تا 1980 بریکاری سیاسی وەزارەتی دەرەوە بووە.
هەروەها بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ناوەندی گەشەی فیکری منداڵان و هەرزەکاران بووە و لە ساڵی 1980 تا 1989 بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئاژانسی هەواڵی کۆماری ئیسلامی ئێران بووە.
هەر لە ماوەی جەنگی هەشت ساڵەی ئێران – عێراقدا، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئاژانسی هەواڵی ئیرنا بووە، بەرپرسی ناوەندی هەڵمەت و میدیایی جەنگ بووە.
لە نێوان ساڵانی 1989 تا 1997، بۆ ماوەی 8 ساڵ وەک باڵیۆز و نوێنەری هەمیشەیی کۆماری ئیسلامی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەستنیشان کراوە و لە ساڵی 1997 تا 2005 وەزیری دەرەوە بووە.