ئێران چوونی شاندی دانوستانکاری بۆ پاکستان رەتدەکاتەوە

ئێران رەتیدەکاتەوە هیچ شاندێکی بۆ دانوستان لەگەڵ ئەمریکا چووبێتە پاکستان، هاوکات جەخت دەکاتەوە دەستپێکردنی دانوستان پەیوەستە بە راگرتنی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان. لەلایەن خۆیەوە وەزیری دەرەوەی پاکستان رایگەیاندووە، ئامادەکاریان بۆ دانوستانەکان کردووە و پێشوازی لە شاندی وڵاتان دەکەن.

ئاژانسی هەواڵی تەسنیم نزیک لە سوپای پاسداران، ئەمڕۆ هەینی 10ی نیسانی 2026، لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادار بڵاویکردووەتەوە هیچ شاندێکی دانوستانکاری کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ دانوستان لەگەڵ لایەنی ئەمریکا، نەچووتە ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان.

بە گوتەی سەرچاوەکە، تا ئەو کاتەی ئەمریکا پابەندی بەڵێنەکانی نەبێت و ئاگربەست لە لوبنان جێبەجێ نەکرێت، هەروەها ئیسرائیل لە هێرشەکانی بەردەوام بێت، بە هیچ جۆرێک دانوستان ناکەن.

هەروەها لە بارەی ئامادەکارییەکانی پاکستان بۆ میوانداری دانوستانی نێوان ئێران و ئەمریکا، ئیسحاق دار وەزیری دەرەوەی پاکستان دەڵێت: پێشوازی لە شاندی وڵاتان دەکەین بۆ گفتوگۆکانی 2026 لە ئیسلامئاباد.

داواشی لە هێڵە ئاسمانییەکان کردووە بەبێ ڤیزا رێگە بە رۆژنامەنووسان و شاندی وڵاتان بدەن گەشت بکەن و لەگەڵ گەیشتنیان بە فڕۆکەخانەی ئیسلامئاباد ڤیزایان پێدەدرێت.

کاتژمێر 3:00ـی بەرەبەیانی چوارشەممە 8ی نیسانی 2026، بە نێوەندگیری پاکستان، ئاگربەستێکی دوولایەنە بۆ 14 رۆژە لە نێوان ئەمریکا و ئێران چووە بواری جێبەجێکردنەوە، بڕیاریشە سبەی شەممە 11ی نیسانی 2026، گەڕی یەکەمی دانوستانی نێوان شاندی ئەمریکا و ئێران بەنێوەندگیری پاکستان لە ئیسلامئاباد بەرێوەبچێت.