توێژینەوەیەک: بە ژیری دەستکرد پێشوەختە نەخۆشی سستبوونی دڵ دەستنیشان دەکرێت
توێژەرانی زانکۆی ئۆکسفۆرد رێگەیەکی نوێیان پەرەپێداوە کە لە رێگەی ژیری دەستکردەوە دەتوانێت مەترسی سستبوونی دڵ 5 ساڵ پێش روودانی پێشبینی بکات، ئەمەش وەک دەرفەتێکی زێڕین بۆ پاراستنی ژیانی مرۆڤەکان و دەستێوەردانی پێشوەختەی پزیشکی وەسف دەکرێت.
تیمێکی توێژەران لە زانکۆی ئۆکسفۆرد ژیری دەستکردیان بەکارهێناوە بۆ شیکردنەوەی وێنەی تیشکی (CT Scan)ی دڵ. ئەم تەکنەلۆژیا نوێیە تیشک دەخاتە سەر گۆڕانکارییە زۆر وردەکانی چەوری دەوری دڵ، کە ئاماژەن بۆ تێکچوونی سەرەتایی ماسولکەکانی دڵ. ئەم نیشانە هۆشداریدەرانە بە پشکنینە ئاساییەکان نابینرێن، بەڵام ژیری دەستکرد دەتوانێت هەوکردنی سەرەتایی دڵ ئاشکرا بکات، کە هۆکاری سەرەکییە بۆ سستبوونی دڵ.
ئەنجامەکان سەرنجڕاکێشن
تیمی توێژەران سیستەمی ژیری دەستکردیان لەسەر زانیارییەکانی 72 هەزار نەخۆش لە ئینگلترا تاقی کردووەتەوە، کە لەنێوان ساڵانی 2007 بۆ 2022 پشکنینی تیشکیان بۆ کراوە. ئەنجامەکان دەریانخستووە ئەو نەخۆشانەی وەک "کەسانی خاوەن مەترسی بەرز" دەستنیشان کراون، ئەگەری تووشبوونیان بە سستبوونی دڵ 20 جار زیاتر بووە بەراورد بە کەسانی دیکە، هەروەها وردیی ئەم پشکنینە لە پێشبینیکردنی نەخۆشییەکە گەیشتووەتە 86%.
دەستنیشانکردنی پێشوەختە و رزگارکردنی ژیان
دکتۆر سۆنیا بابو نارایان، بەڕێوەبەری کلینیکی لە دامەزراوەی دڵی بەریتانی رایگەیاند: "زۆربەی کات سستبوونی دڵ درەنگ دەستنیشان دەکرێت، ئەمەش واتا ماسولکەکانی دڵ زیانێکی زۆریان بەرکەوتووە کە دەکرا رێگرییان لێ بکرێت. ئەم رێگە نوێیە یارمەتی پزیشکان دەدات نەخۆشییەکە زوو دەستنیشان بکەن و چاودێرییەکی وردی ئەو کەسانە بکەن کە لەژێر مەترسیدان."
هەنگاوەکانی داهاتوو
پڕۆفیسۆر شارالامبۆس ئەنتۆنیادیس، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە ئاماژەی بەوە کرد، ئەم رێگەیە دەتوانێت بەبێ دەستێوەردانی مرۆڤ ئاستی مەترسی بۆ هەر نەخۆشێک دیاری بکات، ئەمەش رێگە بۆ پزیشکان خۆش دەکات بڕیاری باشتر بدەن و گوشارەکانی سەر نەخۆشخانەکانیش کەم بکەنەوە.
نیشانەکانی سستبوونی دڵ کامانەن؟
بەگوێرەی ناوەندە تەندروستییەکان، نیشانە باوەکانی سستبوونی دڵ بریتین لە: تەنگەنەفەسی دوای چالاکی جەستەیی یان لە کاتی پشوودان، هەستکردن بە ماندوێتی و سەرگێژخوێندن، هەڵئاوسانی پاژنەی پێ یان قاچەکان، لەگەڵ کۆکەی بەردەوام و خێرا لێدانی دڵ. زۆربەی کات ئەم نیشانانە بە شێوەیەکی پلەبەندی لە ماوەی چەند هەفتە یان چەند مانگێکدا گەشە دەکەن.