سەرۆک بارزانی: پێداگری هەندێک لایەنی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار جێگەی قبووڵکردن نییە

سەرۆک بارزانی، جەخت لەوە دەکاتەوە، هیچ بەرکەوتە و ئیستحقاقێکی دەستووری یەکلا ناکرێتەوە تا پرسی هەڵبژاردنی سەرۆکوەزیران یەکلای نەکرێتەوە.

ئەمڕۆ هەینی، 10ـی نیسانی 2026، سەرۆک بارزانی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند،  پێداگرتنی هەندێک لایەنی چوارچێوەی هەماهەنگیی لەسەر بەردەوامبوون لە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار، کە هاوکات هەندێکی تر بەردەوامن لە دواخستنی هەڵبژاردنی سەرۆک وەزیران، جێگەی قبوڵکردن نییە.

هەروەها سەرۆک بارزانی جەختی لەوە کردووەتەوە، هیچ بەرکەوتە و ئیستحقاقێکی دەستووری یەکلا ناکرێتەوە تا ئەو پرسە هاوکات چارەسەر نەکرێت، بە شێوەیەک کە هەموو لایەنەکان لە دانیشتنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەران ئامادە بن.

بەگوێرەی راگەیەندراوێکی فەرمی فەرمانگەی کاروباری پەرلەمانی، بڕیارە سبەی شەممە، 11ـی نیسانی 2026، ئەنجومەنی نوێنەران دانیشتنی ژمارە 17 خۆی ئەنجام بدات.
لە کارنامەی دانیشتنەکەدا هاتووە، کە بڕگەی سەرەکی کۆبوونەوەکە بریتی دەبێت لە "هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری عێراق" و دانیشتنەکەش لە کاتژمێر11:00پێشنیوەڕۆ دەستپێدەکات.