دانەر عەبدولغەفار: کۆبوونەوەی سبەی پەرلەمانی عێراق نایاساییە
پارتی دیموکراتی کوردستان نایاساییبوونی کۆبوونەوەی سبەی پەرلەمانی عێراق رادەگەیەنێت و، هۆشداریی دەدات کە هەڵبژاردنی هەر کاندیدێک لە دەرەوەی سازان و رێککەوتن، زیان بە بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلی کورد دەگەیەنێت.
هەینی، 10ـی نیسانی 2026، دانەر عەبدولغەفار، گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، هەڵوێستی فەرمیی فراکسیۆنەکەی لەسەر کۆبوونەوەی سبەی پەرلەمان و پرسی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار بۆ کوردستان24 خستە روو.
گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی رایگەیاند: "کۆبوونەوەی سبەی پەرلەمانی عێراق، پێچەوانەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانە و بە نایاساییە، هەر بۆیە وەک فراکسیۆنی پارتی بەشداریی تێدا ناکەین."
جەختیشی کردەوە، کە کۆبوونەوەکە هەر ئەنجامێکی هەبێت، بەهۆی نەبوونی بنەمایەکی دەستووری و یاسایی، بە نادروست دادەنرێت و ناکرێت هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار لە کۆبوونەوەیەکدا بێت کە لە بنەڕەتدا پێچەوانەی یاسا بێت.
سەبارەت بە هەوڵەکان بۆ یەکخستنی ماڵی کورد، دانەر عەبدولغەفار ئاماژەی بەوە کرد: "پارتی دیموکراتی کوردستان هەرچی دەستپێشخەرییە ئەنجامی داوە بۆ ئەوەی لایەنە کوردییەکان رازی بن و لەنێوان خۆیاندا لەسەر کاندیدێکی هاوبەش رێکبکەون، بەڵام لایەنەکانی دیکە ویستی رێککەوتنیان نەبوو."
گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی رەخنەی لە شێوازی بەڕێوەبردنی پۆستیسەرۆک کۆمار گرت لە رابردوودا و گوتی: "ئەم پۆستە پشکی هەموو کوردە و بە تەنیا موڵکی هیچ لایەنێک نییە، بەڵام لە ماوەکانی رابردوودا وەک پێویست بەکار نەهێنراوە و هیچ رۆڵێکی کاریگەری لە عێراقدا نەبووە."
هەروەها گوتیشی: "بە پێی دەستوور، سەرۆککۆمار پارێزەری دەستوورە، بەڵام تا ئێستا ئەمە نەکراوە و بە کردەیی هەبوون و نەبوونی ئەم پۆستە وەک یەک بووە."
باسی لەوەش کرد، کە دەبێت سەرۆککۆماری داهاتوو نوێنەرایەتیی راستەقینەی کورد بکات و کەسێک بێت کە رەزامەندی هەموو لایەنەکانی لەسەر بێت، هۆشداریشی دا کە هەڵبژاردنی هەر کاندیدێک لە دەرەوەی چوارچێوەی رێککەوتن، زیان بە بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلی کورد دەگەیەنێت.