فراکسیۆنی پارتی: پشتگوێخستنی هاوبەشی نیشتمانی پاشەکشەیەکی مەترسیدارە لە پڕۆسەی سیاسیی عێراق

فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بایکۆتکردنی دانیشتنی سبەی شەممەی پەرلەمانی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار راگەیاند و هۆشداریی دا هەر هەوڵێک بۆ تێپەڕاندنی ئەم پرسە بەبێ سازانی نیشتمانی، پاشەکشەیەکی مەترسیدارە لە بنەماکانی شەراکەت. پارتی جەختی کردەوە کە دەبێت پۆستی سەرۆککۆمار و کاندیدی سەرۆکوەزیران وەک یەک پاکێجی تەواوکار و لە رێگەی رێککەوتنی پێشوەختەوە یەکلایی بکرێنەوە.

هەینی 10ـی نیسانی 2026، فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق راگەیەندراوێکی بڵاو کردووتەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، هەوڵدان بۆ سەپاندنی ئەمری واقیع و تێپەڕاندنی دانیشتنی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار بەبێ گەڕانەوە بۆ بنەماکانی سازان و هاوبەشی، پشتگوێخستنی جەوهەری شەراکەتی نیشتمانی و پاشەکشەیەکی مەترسیدارە لەو لێکتێگەیشتنە دەستوورییانەی کە پڕۆسەی سیاسیی وڵاتیان لەسەر بنیاتنراوە.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، لێرەوە بە ڕاشکاوی رایدەگەیەنین؛ پۆستی سەرۆککۆمار و کاندیدی سەرۆکي ئەنجوومەنی وەزیران، دوو پرسی نیشتمانیی دانەبڕاون و دەبێت وەک یەک پاکێجی تەواوکار، لە چوارچێوەی سازان و دیالۆگێکی جددی و گشتگیردا یەکلایی بکرێنەوە، نەک لە رێگەی پەراوێزخستنی هاوبەشە سەرەکییەکان یان فەرزکردنی کاندیدەکان بەبێ ڕێککەوتنی پێشوەختە.

فراکسیۆنی پارتی دەشڵێت: لەسەر ئەم بنەمایە و لەپێناو پاراستنی ڕێڕەوی دەستووری و دڵنیابوونەوە لە بەردەوامیی پڕۆسەی سیاسی، بڕیارماندا بە بەشدارینەکردنی خۆمان لە دانیشتنی سبەینێدا و جەخت دەکەینەوە کە هەر هەنگاوێک لە غیابی سازانی نیشتمانیدا، تەنیا دەبێتە هۆی ئاڵۆزکردنی زیاتری دیمەنە سیاسییەکە و بەرەو نادیاری دەبات.

ئەمڕۆ هەینی، هەر لەو بارەوە سەرۆک بارزانی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس پەیامێکی بڵاو کردەوە و تێیدا ناووسیویەتی: پێداگرتنی هەندێک لایەنی چوارچێوەی هەماهەنگیی لەسەر بەردەوامبوون لە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار، کە هاوکات هەندێکی دیکە بەردەوامن لە دواخستنی هەڵبژاردنی سەرۆک وەزیران، جێگەی قبووڵکردن نییە.سەرۆک بارزانی جەختی لەوە کردووەتەوە، هیچ بەرکەوتە و ئیستحقاقێکی دەستووری یەکلا ناکرێتەوە تا ئەو پرسە هاوکات چارەسەر نەکرێت، بە شێوەیەک کە هەموو لایەنەکان لە دانیشتنی داهاتووی ئەنجوومەنی نوێنەران ئامادە بن.

ئەمەش لە کاتێکدایە،  بڕیارە سبەی شەممە، 11ـی نیسانی 2026، ئەنجوومەنی نوێنەران دانیشتنی ژمارە 17 خۆی ئەنجام بدات؛ لە کارنامەی دانیشتنەکەدا هاتووە، کە بڕگەی سەرەکی کۆبوونەوەکە بریتی دەبێت لە هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری عێراق"و دانیشتنەکەش لە کاتژمێر11:00پێشنیوەڕۆ دەستپێدەکات.