وەزارەتی بازرگانی خزمەتگوزاریی زیادکردنی منداڵانی لە چەند پارێزگایەک کارا کردەوە
وەزارەتی بازرگانی عێراق رایگەیاند، خزمەتگوزاریی زیادکردنی منداڵانی خوار تەمەن 12 ساڵ لە چەند پارێزگایەک دەستی پێکردووەتەوە.
بەپێی راگەیەندراوێکی وەزارەتی بازرگانی عێراق، ئەو پارێزگا و ناوچانەی خزمەتگوزاریی زیادکردنی منداڵ دەیانگرێتەوە بریتین لە دهۆک، هەڵەبجە، سەلاحەدین، واست، میسان، زیقار، بابل، دیوانییە، موسەننا، کەربەلا، هەروەها زۆربەی ناوچەکانی بەغداش دەگرێتەوە.
هاوکات وەزارەت ئاماژەی بەوەش کردووە، لە رێگەی "بەرنامەی کارتی خۆراکی ئەلیکترۆنی"یەوە، پرۆسەکانی بڕین (حەجب)، لادانی بڕین بە هەموو جۆرەکانییەوە و سڕینەوەی ناوی کۆچکردووان لە سەرجەم لقەکانی کارتی خۆراک لە پارێزگاکان کارا کراونەتەوە.
لە لێدوانێکدا کە نووسینگەی راگەیاندنی وەزارەت لەسەر زاری تاڵب حەسەن نیعمە، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی پلاندانان و بەدواداچوون بڵاویکردووەتەوە، هاتووە، "ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی وەزارەتدایە بۆ پەرەپێدانی میکانیزمەکانی کارکردن و بەرزکردنەوەی ئاستی ئەو خزمەتگوزارییانەی پێشکەش بە هاووڵاتییان دەکرێن، ئەویش لە رێگەی پشتبەستن بە سیستەمە ئەلیکترۆنییە نوێیەکان کە دەبنە هۆی ئاسانکاری لە رێکارەکان و کەمکردنەوەی جەنجاڵی لە فەرمانگەکانی کارتی خۆراکدا."
بەڕێوەبەری گشتی ئاماژەی بەوەش دا، وەزارەت بەپێی پلانێکی رێکخراو کار دەکات بۆ فراوانکردنی مەودای هەموو خزمەتگوزارییەکانی کارتی خۆراک، بە جۆرێک کە گەرەنتی گەیشتنی خزمەتگوزارییەکان بە شایستەکان بکات و مامەڵەکانیان بە خێرایی و کارایی رایی بکرێن، ئەمەش هاوتەریبە لەگەڵ ئاراستەی حکوومەت بۆ بەهێزکردنی گۆڕانکاریی دیجیتاڵی و باشترکردنی کوالیتی خزمەتگوزارییەکان.