دانەر عەبدولغەفار: ئەنجامی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی پەرلەمان نایاساییە
فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان بایکۆتی کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراقی کرد و هۆشداری دا کە فەرزکردنی ئیرادە و پشتگوێخستنی ڕێککەوتنە سیاسییەکان، عێراق بەرەو "هەڵدێر" و داهاتوویەکی نادیار دەبات.
شەممە، 11ـی نیسانی 2026، دانەر عەبدولغەفار، گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند: پێشتر هۆشداریمان دابوو کە بەشداریی کۆبوونەوەیەک ناکەین کە بنەمای یاسایی تێدا نەبێت و فەرزکردنی ئیرادەی لایەنێکی بەسەر لایەنەکانی دیکەوە تێدا بێت.
هاوکات نیگەرانی قووڵی پارتی دەربڕی بەرامبەر پشتگوێخستنی هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە کاندیدێکی هاوبەش لە نێو لایەنە کوردییەکان کە جێی رەزامەندی هەمووان بێت و گوتی: "ئەو ئەنجامەی ئەمڕۆ هیچ بنەمایەکی یاسایی نییە و زەربەیەکی گەورەیە لەو رێککەوتنانەی کە وڵاتی لەسەر بونیاد نراوە."
لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا، دانەر عەبدولغەفار هۆشداری توندی دا لە پاشەکشەی پرۆسەی سیاسی و گوتی: "ئەگەر عێراق لەسەر ئەم رێچکەیە بەردەوام بێت، بەرەو هەڵدێر دەڕوات؛ چونکە ئەم وڵاتە لەسەر بنەمای رێککەوتنی سیاسی پێکهاتووە، نەک لەسەر بنەمای ویستی کۆمەڵێک گرووپ و لایەنی دیاریکراو."
هەروەها پەردەی لەسەر رێککەوتنێکی ژێربەژێر لادا و ئاشکرای کرد، کە هەوڵێک هەیە دوای کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ پەرلەمان، محەمەد شیاع سوودانی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران رابسپێردرێت، کە بە گوتەی ئەو، ئەم هەنگاوە نەک تەنیا کێشەکان چارەسەر ناکات، بەڵکو دەبێتە هۆی دروستبوونی درزێکی گەورە لەنێو ماڵی شیعەشدا.
گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی، جەختی کردەوە کە ئەوەی ئەمڕۆ ڕوویدا، سەرەتایەکی خراپە و ئاراستەی داهاتووی عێراق بەرەو بارودۆخێکی مەترسیدار دەبات.