کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان سێ تەمەنی نوێ بۆ تۆماری دەنگدەران زیاد دەکات

ئەنجوومەنی کۆمیسیاران لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بڕیارێکی نوێی سەبارەت بە نوێکردنەوەی بنکەی زانیاریی دەنگدەران دەرکرد و تێیدا سێ تەمەنی نوێی بۆ پڕۆسەی تۆماری بایۆمەتری زیاد کرد.

بەپێی بڕیاری ژمارە 2ـی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران کە لە 8ـی نیسانی 2026 بە کۆدەنگی دەرچووە، رەزامەندی دراوە لەسەر زیادکردنی لەدایکبووانی ساڵانی (2008، 2009، 2010) بۆ ناو بنکەی زانیارییەکان، بەپێی بڕیارەکە، ئەم تەمەنانە دەخرێنە ناو ئامێرەکانی تۆماری بایۆمەتری و کارتی دەنگدانیان بۆ چاپ دەکرێت.

لە بڕیارەکەدا ئاماژە بەوە دراوە کە وادەی دەستپێکردنی تۆمارکردنی ئەو تەمەنانە لە 20ـی نیسانی 2026 دەبێت، ئەم هەنگاوەی کۆمیسیۆن دوای تاوتوێکردنی یاداشتی فەرمانگەی ئۆپەراسیۆنەکان و تەکنەلۆژیای زانیاری و نووسینگەی سەرۆکی کارگێڕی هەڵبژاردن دێت، بە مەبەستی رێکخستنەوەی ناوی دەنگدەران و ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتوو.

هاوکات ئەنجوومەنی کۆمیسیاران لایەنە پەیوەندیدارەکانی لە کارگێڕی هەڵبژاردن راسپاردووە کە سەرجەم رێکارە پێویستەکان بۆ جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە بگرنە بەر.