عێراقچی: گفتوگۆکانمان لەگەڵ ئەمریکا بەهۆی گۆڕینی مەرجەکان و توندڕەوییەوە شکستیان هێنا

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، ئەمڕۆ دووشەممە، 13ـی نیسانی 2026، رایگەیاند؛ وڵاتەکەی لەگەڵ ئەمریکا "گفتوگۆی چڕی لە بەرزترین ئاستدا لە ماوەی 47 ساڵی رابردوودا" ئەنجامداوە بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە شەڕ، بەڵام وەک ئەو دەڵێت؛ "گفتوگۆکان بەربەستی توندڕەوی، گۆڕینی مەرجەکان و گەمارۆیان" هاتووەتە پێش، لە کاتێکدا هەردوولا تەنیا چەند هەنگاوێک لە لێکگەیشتن لە ئیسلام ئاباد دوور بوون.

عێراقچی کە  شاندی دانوستانکاری ئێرانە، لە پۆستێکدا لە پلاتفۆرمی "ئێکس" نووسیویەتی، وڵاتەکەی بە نیازپاکییەوە چووەتە ناو دانوستانەکان، بەڵام لە ساتەکانی کۆتاییدا رووبەڕووی ئەوە بوونەتەوە کە بە "بەرزترین ئاستی داواکارییەکان و گۆڕینی بنەماکانی یارییەکە" وەسفی کردووە. هەروەها دەڵێت: "نیازپاکی، نیازپاکی دەهێنێت و دوژمنایەتیش، دوژمنایەتی."

ئەم هەڵوێستەی عێراقچی دوای شکستهێنانی ئەو گفتوگۆیانە دێت کە لە ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان بەڕێوەچوون، بە بەرزترین ئاستی پەیوەندی راستەوخۆی نێوان هەردوو لایەن لە دوای ساڵی 1979 دادەنرا، بە ئامانجی گەیشتن بە لێکگەیشتنێک بۆ چەسپاندنی ئاگربەستێک کە کۆتایی بە چەند هەفتەیەک لە شەڕ بهێنێت.

دوای شکستی ئەو گەڕەی دانوستانەکان، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، تۆنی قسەکانی توندتر کرد و بڕیاری توندکردنی رێکارە دەریاییەکانی دژی ئێرانی راگەیاند. دواتر فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) جەختی کردەوە، دەست دەکەن بە جێبەجێکردنی قەدەخەی هاتوچۆی کەشتیوانی بۆ ناو بەندەرەکانی ئێران و چوونە دەرەوە لێیان، جگە لەو کەشتیانەی کە بە گەرووی هورمزدا بەرەو بەندەرە نائێرانییەکان تێدەپەڕن.