رووسیا زۆربەی کارمەندانی لە وێستگەی ئەتۆمی بوشەهر دەکێشێتەوە

ئاژانسی وزەی ئەتۆمی رووسیا رایگەیاند بەهۆی پەرەسەندنی گرژییەکان و مەترسی هێرشە ئاسمانییەکان لە چوارچێوەی جەنگی ئیسرائیل و ئەمریکا دژی ئێران، مۆسکۆ نزیکەی تەواوی کارمەندانی خۆی لە وێستگەی ئەتۆمی بوشەهر کشاندووەتەوە و هۆشداری دەدات لە روودانی کارەساتێکی ئەتۆمی هاوشێوەی چێرنۆبیڵ.

دووشەممە 13ـی نیسانی 2026، ئەلێکسی لیخاچێڤ، سەرۆکی ئاژانسی وزەی ئەتۆمی رووسیا (رۆساتۆم)، رایگەیاند پرۆسەی کۆتایی گۆڕینی کارمەندانیان لە وێستگەی بوشەهر دەستپێکردووە. بەگوێرەی گوتەکانی لیخاچێڤ، 108 کارمەند لە وێستگەکە کشێنراونەتەوە و تەنیا 20 کەس لە بەڕێوەبەرە باڵاکان و بەرپرسانی ئامێرەکان لە وێستگەکەدا ماونەتەوە.

ئەم بڕیارەی مۆسکۆ دوای ئەوە دێت کە مەترسیی هێرشە ئاسمانییەکان بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران زیادی کردووە. رووسیا هۆشداری توندی داوە هەر هێرشێک بۆ سەر ئەو ناوچەیە، مەترسی دروستکردنی کارەساتێکی تیشکدەرەوەی لێدەکەوێتەوە کە رەنگە لە کارەساتی چێرنۆبیڵ وێرانکەرتر بێت.

وێستگەی بوشەهر کە تاکە وێستگەی ئەتۆمی ئێرانە و بە هاوکاری رووسیا دروستکراوە، دەکەوێتە باشووری ئێران و خاوەنی راکتەرێکی 1000 مێگاواتییە. لە میانی شەڕی ئێستا، دەوروبەری وێستگەکە لانی کەم چوار جار کراوەتە ئامانج.

سەرەتای ئەم مانگە، لە ئەنجامی هێرشێکدا پاسەوانێکی وێستگەکە کوژرا، بەڵام بەپێی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی و وێنە مانگە دەستکردەکان، خودی وێستگەکە و راکتەرەکەی زیانیان بەرنەکەوتووە. وێستگەی بوشەهر وەک گرنگترین ناوەندی وزەی ئێران هەژمار دەکرێت و کشانەوەی کارمەندە ڕووسییەکان ئاماژەیەکی روونە بۆ جیدییەتی مەترسییەکان لەسەر ئەو دامەزراوەیە.

رێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران (AEOI) لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، کاتژمێر 8:30ـی بەیانی ئەمڕۆ  بە کاتی تاران، موشەکێک لە نزیک پەرژینی پارێزگاریی وێستگەی بوشەهر کەوتووەتە خوارەوە. بەهۆی توندیی شەپۆلی تەقینەوەکە و بڵاوبوونەوەی پارچەی موشەکەکە، بینایەکی لاوەکیی وێستگەکە زیانی بەرکەوتووە و کارمەندێکی ئەمنیی ئێرانی کە بەرپرس بووە لە پاراستنی فیزیکیی دامەزراوەکە، گیانی لەدەستداوە.

رێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران جەختی کردەوە کە دامەزراوە ناوەکییەکان و ریاکتۆرەکانی وێستگەکە زیانیان بەرنەکەوتووە، بەڵام مەترسییەکان گەیشتوونەتە "هێڵی سوور".

شەممە 4ـی نیسانی 2026 ئەلێکسی لیخاچێڤ، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای رووس ئەتۆم، لە لێدوانێکدا لە شاری یەکاتێرینبورگ رایگەیاندبوو: " 198 پسپۆڕ و کارمەندی رووسی بە کاروانێکی پاس لە بوشەهرەوە بەرەو سنووری ئەرمەنستان بەڕێکەوتوون. پێشبینی دەکرێت ئەو کارمەندانە لە ماوەی سێ رۆژدا بگەنەوە خاکی رووسیا.