دەستەی ژینگە هۆشداری بە هاووڵاتییان دەدات

دەستەی چاککردن و پاراستنی ژینگەی هاووڵاتییان ئاگادار دەکاتەوە لەکاتی چوون بۆ گژ و گیا بەهارییەکان سرووشت تێک نەدەن، ئاگاداری ناوچە سرووشتییەکان بن.

ئەمڕۆ دووشەممە، 13ـی نیسانی 2026، سەنعان عەبدوڵڵا، گوتەبێژی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی گوت: لەگەڵ هاتنی وەرزی بەهار، گیایە بەهارییەکان لە ناوچە شاخاوییەکان زۆر دەبن، بەتایبەت ئەمساڵ کە رێژەیەکی باشی باران باریوە، بەڵام رێنمایی تایبەتمان بە هاووڵاتییان داوە.

سەنعان عەبدوڵڵا گوتیشی: بەپێی یاسای ژمارە 8ـی ساڵی 2008 پاراستنی ناوچە سروشتییەکان وەک "ئەرکێکی نەتەوەیی" ناسێنراوە، هەروەها گیا بەهارییەکان تەنیا سەرچاوەی خۆراک نین، بەڵکو بەشێکی گرنگن لە هاوسەنگیی ژینگەیی و سیمای جوانیی سروشتی کوردستان، بۆیە هەر جۆرە دەستکارییەک کە ببێتە هۆی وشکبوون و لەناوچوونیان، ڕووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی دەبێتەوە.

گوتەبێژی دەستەی ژینگەی ئاماژە بەوە دەکات، هەر هاووڵاتییەک گیا بەهارییەکان لە ڕەگەوە دەربێنێت، سزا دەدرێت، چونکە بەهیچ شێوەیەک نابێت لە ڕەگەوە دەربهێنرێت، بەڵکو دەبێت بە چەقۆ ببڕدرێت.

هەرێمی کوردستان خاوەنی چەندین گژ و گیای بەهارییە تەنیا لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران 400 جۆر گیای بەهاری هەن.