نەتەوە یەکگرتووەکان: لە سوودان 700 هاووڵاتی سڤیل بە هێرشی درۆنی کوژراون

تۆم فلێچەر، بەرپرسی فریاگوزاری نەتەوە یەکگرتووەکان
تۆم فلێچەر، بەرپرسی فریاگوزاری نەتەوە یەکگرتووەکان

بەرپرسی هاوکارییە مرۆییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان رایدەگەیەنێت، شەڕی سێ ساڵەی ناوخۆی سوودان "گەورەترین قەیرانی مرۆیی لە جیهاندا" دروستکردووە. ئاشکراشی دەکات کە تەنیا لە سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، نزیکەی 700 کەسی مەدەنی بەهۆی هێرشی درۆنییەوە لەو وڵاتە گیانیان لەدەستداوە.

 سێشەممە 14ی نیسانی 2026، تۆم فلێچەر، بەرپرسی فریاگوزاری نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، شەڕی نێوان سوپای سوودان و هێزەکانی پشتگیری خێرا (RSF) کە ئێستا پێ دەنێتە ساڵی چوارەمییەوە، بووەتە هۆی کوژرانی دەیان هەزار کەس و ئاوارەبوونی زیاتر لە 11 ملیۆن کەسی دیکە، هەروەها چەندین ناوچەی ئەو وڵاتەی رووبەڕووی برسێتی و قاتوقڕی کردووەتەوە.

فلێچەر ئاماژەی بەوە کرد، هێرشە درۆنییە یەک بەدوای یەکەکان ژیانیان لە سەرانسەری سوودان پەکخستووە، بەتایبەت لە ناوچەی کوردۆفان کە ئێستا بووەتە مەیدانی سەرەکی جەنگ، هەروەها لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی پشتگیری خێرا لە دارفوور.

بەگوێرەی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، سێ ساڵ جەنگ وڵاتێکی وێران کردووە کە خاوەن ئومێدێکی گەورە بوو، ئێستا نزیکەی 34 ملیۆن کەس، واتە لە هەر سێ کەس دوو کەس، پێویستیان بە هاوکاری مرۆیی بەپەلە هەیە. فلێچەر هۆشداریش دەدات لەوەی کە برسێتی لە زیادبووندایە و سەدان هەزار منداڵ تووشی بەدخۆراکی توند بوون و ملیۆنان منداڵیش لە خوێندن بێبەش کراون.

لە لایەکی دیکەوە، دێنیس براون، رێکخەری نیشتەجێی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سوودان رایگەیاند، بۆ ئەمساڵ پێویستیان بە 2.9 ملیار دۆلار هەیە بۆ هاوکاریکردنی سوودان، بەڵام تاوەکو ئێستا تەنیا 16 لەسەدی ئەو بڕە پارەیە دابین کراوە، چونکە هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان کەمی کردووە.

بڕیارە رۆژی چوارشەممە، وڵاتانی کۆمەکبەخش لە بەرلین کۆببنەوە بۆ تاوتوێکردنی دۆخی سوودان، بە ئامانجی زیندووکردنەوەی دانوستانەکانی ئاشتی و کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ ئەو قەیرانە مرۆییە گەورەیەی رووی لەو وڵاتە کردووە.