لە نەینەوا گۆڕێکی بەکۆمەڵی پێشمەرگە هەڵدەدرێتەوە
بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا، تیمی تایبەت و شارەزا لە پارێزگای نەینەوا دەست بکەن بە هەڵدانەوەی گۆڕێکی بەکۆمەڵ، کە گومان دەکرێت رووفاتی ژمارەیەک لەو پێشمەرگانەی تێدابێت کە لە سەردەمی شەڕی دژی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش بە دیل گیرابوون.
بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، ئەم گۆڕە بەکۆمەڵە لە سنووری پارێزگای نەینەوا دۆزراوەتەوە و بە یەکەم گۆڕی بەکۆمەڵ دادەنرێت کە گومان دەکرێت رووفاتی بەشێک لە پێشمەرگە دیلەکانی تێدا بێت. پرۆسەی هەڵدانەوەکە لەلایەن تیمە هونەری و یاساییە شارەزاکانەوە ئەنجام دەدرێت بۆ دەرهێنانی رووفاتەکان و ناسینەوەیان.
لە سەردەمی شەڕی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش، زیاتر لە 50 پێشمەرگە لە بەرەکانی جەنگدا کەوتنە دەست ئەو رێکخراوە. هەرچەندە لەو کاتەدا هەواڵی شەهیدکردنی ژمارەیەکیان بڵاوکرایەوە، بەڵام تا ئێستا چارەنووسی بەشێکی زۆریان بە نادیاری ماوەتەوە و ئەم هەنگاوەش ئومێدێکە بۆ ئاشکراکردنی چارەنووسیان.
ئەم پێشهاتە لە کاتێکدایە، پێشتر لە 13ـی شوباتی 2025، یاسەمین مونزر، بەڕێوەبەری بەشی گۆڕە بەکۆمەڵەکان لە عێراق رایگەیاندبوو؛ گۆڕێکی دیکە بەکۆمەڵیان لە حەویجە دۆزیوەتەوە و لەوێش گومان دەکرێت رووفاتی پێشمەرگە دیلەکانی تێدا بێت.
کەس و کاری پێشمەرگە بێسەروشوێنەکان ساڵانێکە چاوەڕوانی هەواڵێکی فەرمین سەبارەت بە چارەنووسی رۆڵەکانیان، و بڕیارە دوای هەڵدانەوەی گۆڕەکە، نموونەی (DNA) لە رووفاتەکان وەربگیرێت بۆ دڵنیابوونەوە لە ناسنامەکانیان.