دەروازەی کێلێ بەرووی گەشتیاراندا کرایەوە و هاتوچۆ لەگەڵ ئێران ئاسایی بووەوە

دوای 45 رۆژ لە وەستانی، هاتوچۆی گەشتیاری لە دەروازەی سنووری کێلێ لەنێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران دەستیپێکردەوە. کردنەوەی ئەم دەروازەیە دوای ئەوە دێت کە تەواوی دەروازە سنوورییەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان هاتوچۆی گەشتیارییان تێدا ئاسایی کرابووەوە و کێلێ دواین وێستگە بوو.

هاتوچۆی گەشتیاری لە دەروازەی سنووری کێلێ ئاسایی بووەوە، کە دواین دەروازەی سنووری هەرێمی کوردستان بوو لەگەڵ ئێران هاتوچۆی تێدا دەستپێبکاتەوە. پێشتر دەروازەکانی حاجی ئۆمەران لە پارێزگای هەولێر، هەروەها دەروازەکانی باشماخ، پشتە، سەیرانبەن و شوشمێ لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە هاتوچۆیان تێدا ئاسایی کرابووەوە، بەڵام بڕیاری کردنەوەی کێلێ بەهۆی گرفت لە سیستەمی ئەلیکترۆنی و هێڵەکانی ئینتەرنێت لە لایەنی ئێرانی بۆ چەند رۆژێک دواکەوت.

دەروازەی کێلێ کە تەنیا 28 کیلۆمەتر لە قەڵادزێی سەنتەری قەزای پشدەرەوە دوورە، دەروازەیەکی نیمچە فەرمییە. مێژووی هاتوچۆی بازرگانی لەم دەروازەیە بۆ ساڵی 1991 دەگەڕێتەوە و ساڵ بە ساڵ قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی تێیدا زیادی کردووە.

بەگوێرەی ئامارەکان، قەبارەی بازرگانی ساڵانە لە نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران لە دەروازەی کێلێ، لە نێوان 100 بۆ 150 ملیۆن دۆلاردایە. رۆژانە نزیکەی 150 بۆ 200 بارهەڵگر کەلوپەل و شمەک، بەتایبەت سەوزە، میوە و کەرستەی بیناسازی لە کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بەرەو هەرێمی کوردستان دەگوازنەوە.

ماوەی دوو ساڵیشە هاتوچۆی گەشتیاری بە پاسپۆرت و بە شێوەیەکی فەرمی لەم دەروازەیە دەستیپێکردووە. حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە هەوڵی بەردەوامدایە لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ و کۆماری ئیسلامی ئێران، تاوەکو دەروازەی کێلێ لە نیمچە فەرمییەوە بۆ دەروازەیەکی نێودەوڵەتی و فەرمی بگۆڕێت و بۆ ئەو مەبەستەش هەموو ئامادەکارییەکی کردووە.