دوای 43 ساڵ؛ یەکەمین دانوستانی راستەوخۆی نێوان لوبنان و ئیسرائیل دەستی پێکرد

شاندنی دیپلۆماسیی لوبنان و ئیسرائیل، بۆ یەکەمجار دوای تێپەڕبوونی 43 ساڵ بەسەر دوایین دانوستانی راستەوخۆیاندا، لە واشنتنی پایتەختی ئەمریکا کۆبوونەوە. ئەم کۆبوونەوەیە کە لەژێر چاودێریی راستەوخۆی مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکایە.

ئەمڕۆ سێشەممە، 14ـی نیسانی 2026، لە بارەگای وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە واشنتن، دانوستانە راستەوخۆکانی نێوان لوبنان و ئیسرائیل دەستیان پێکرد.

ئەمە یەکەمین کۆبوونەوەی لەو شێوەیەیە لە دوای رێککەوتنی 17ـی ئایاری ساڵی 1983، کە ئامانج لێی دۆزینەوەی دەرچەیەکە بۆ کۆتاییهێنان بەو ململانێ چەکدارییەی لە مانگی ئاداری رابردووەوە سەری هەڵداوە.

کۆبوونەوەکە بە ئامادەبوونی یەحیئیل لیتەر، باڵیۆزی ئیسرائیل لە ئەمریکا و نەدا حەمادە مەعوەز، باڵیۆزی لوبنان لە واشنتن، و لەژێر چاودێریی مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و میشێل عیسا، باڵیۆزی ئەمریکا لە لوبنان بەڕێوە چوو.

مارکۆ روبیۆ لە لێدوانێکدا رایگەیاند: "ئێمە لەبەردەم دەرفەتێکی مێژووییداین، هەرچەندە کار لەگەڵ مێژوویەکی پڕ لە ئاڵۆزی دەکەین، بەڵام ئامانجمان دانانی سنوورێکی کۆتاییە بۆ 20 تا 30 ساڵ لە هەژموونی حزبوڵڵا لە لوبنان."

 

هەڵوێستی لوبنان؛ سوپا وەک تاکە بژاردە

جۆزێف عۆن، سەرۆکی لوبنان، کەمێک پێش دەستپێکردنی گفتوگۆکان رایگەیاندبوو: کە هیوای وایە ئەم هەنگاوە کۆتایی بە ئازارەکانی گەلی لوبنان بهێنێت، بە تایبەت دانیشتووانی باشوور.

 عۆن جەختی لەوە کردەوە، کە سەقامگیریی ناگەڕێتەوە مەگەر ئیسرائیل لە خاکە داگیرکراوەکان پاشەکشە نەکات و سوپای لوبنان وەک تاکە هێزی بەرپرس، لەسەر سنوورە نێودەوڵەتییەکان جێگیر نەبێت.

بەپێی سەرچاوە فەرمییەکان، باڵیۆزی لوبنان تەنیا دەسەڵاتی گفتوگۆکردنی لەسەر پرسی "ئاگربەست" پێدراوە، و لایەنی ئەمریکیش کار لەسەر دابینکردنی گەرەنتی دەکات بۆ ئەوەی ئیسرائیل مەرجەکانی ئاگربەست قبووڵ بکات پێش ئەوەی بچنە ناو وردەکاریی تری دانوستانەکان.

 

پاشخانی جەنگ و مەترسییە مەیدانییەکان

ئەم جوڵە دیپلۆماسییە لە کاتێکدایە کە سوپای ئیسرائیل پێشبینی دەکات حزبوڵڵا هێرشە موشەکییەکانی بۆ سەر باکووری ئیسرائیل چڕتر بکاتەوە وەک کاردانەوەیەک بۆ فشارەکانی واشنتن.

ئەم شەڕەی نێوان حزبوڵڵا و ئیسرائیل،  لە 2ـی ئازاری ئەمساڵدا دەستی پێکرد، دوای ئەوەی حزبوڵڵا وەک وەڵامێک بۆ کوژرانی عەلی خامنەیی، رێبەری ئێران لە هێرشێکی ئەمریکی-ئیسرائیلیدا لە 28ـی شوبات، موشەکبارانی ئیسرائیلی کرد. 

لە بەرامبەردا ئیسرائیل بە هێرشی ئاسمانی بەرفراوان و دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی زەمینی لە باشووری لوبنان وەڵامی دایەوە.

چاودێران پێیان وایە، هەرچەندە کێشەکان لە چەند کاتژمێرێکی کەمدا چارەسەر نابن، بەڵام کۆبوونەوەکەی واشنتن وەک بەردی بناغەی قۆناغێکی نوێ لە ناوچەکەدا هەژمار دەکرێت.