زاخارۆڤا: پێویستە ناتۆ کارەکانی "سیگمۆند فرۆید"ی پزیشکی دەروونی بخوێننەوە

ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا
ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا

ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا، پەیوەندییەکانی نێوان هاوپەیمانی ناتۆ و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای بە شڵەژاو وەسف کرد و داوای لە سەرکردەکانی هاوپەیمانییەکە کرد کارەکانی "سیگمۆند فرۆید"ی پزیشکی دەروونی بخوێننەوە بۆ ئەوەی لە ناکۆکییەکانی خۆیان تێبگەن.

زاخارۆڤا گوتی: "هەموو ئەندامانی ناتۆ پارە بە ویلایەتە یەکگرتووەکان دەدەن بۆ ئەوەی بییانپارێزێت، بەڵام دیاری ناکەن کێ هەڕەشەیان لێ دەکات، تەنیا ئاماژە بە رووسیای دراوسێی رۆژهەڵاتیان دەکەن. لە هەمان کاتدا، خودی ئەمریکا هەڕەشەی دابڕینی (گرینلاند) لە دانیمارک دەکات کە ئەندامی ناتۆیە. ئیدی پاراستن لە کێ، ئەگەر خۆیان لە ناوخۆدا ناکۆک بن و ئەگەر دەستدرێژیکارەکە هەر خودی هاوپەیمانەکەیان بێت؟" کێ لەوە دەیانپارێزێت.

هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد: "سەیرتر ئەوەیە ویلایەتە یەکگرتووەکان دوای ئەوەی سەدا 5ـی تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی لێ کۆکردوونەتەوە، هەستی بە سوکایەتی کردووە، چونکە لە قەیرانی گەرووی هورمزدا پشتگیرییان نەکردووە. ئەمە پەیوەندییەکی ناتەندروستە، تەنانەت شۆکهێنەرە. ئەوان بە سادەیی پێویستیان بە شیکردنەوەی دەروونی و خوێندنەوەی کتێبەکانی فرۆید هەیە لە زانستی دەروونناسییدا."

ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە 1ـی نیساندا هەڕەشەی کشانەوەی لە ناتۆ کردبوو و پێی وابوو هاوپەیمانییەکە لە پشتگیریکردنی واشنتن دژی ئێران شکستی هێناوە، هەروەها هاوپەیمانەکانی بەناپاکیکردن تۆمەتبار کرد و جەختی کردەوە، ویلایەتە یەکگرتووەکان "پێویستی بە یارمەتی ئەوان نییە".