بەڕێوەبەرایەتی ئاو و ئاوەڕۆ پڕۆژەیەکی نوێ بۆ رێگری لە بەفیڕۆچوونی ئاو رادەگەیەنێت
حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە هەماهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوی یونیسێف (UNICEF)، پڕۆژەیەکی نوێ و ستراتیژی بۆ چاکسازی و ڕێکخستنەوەی کەرتی ئاو دەستپێکرد کە ئامانجی سەرەکی بریتییە لە دیاریکردنی شوێنەکانی بەفیڕۆچوونی ئاو و باشترکردنی سیستمی دابەشکردنی ئاوی خاوێن بۆ هاووڵاتییان.
لای خۆیەوە ئەمڕۆ پێنجشەممە، 16ـی نیسانی 2026، ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێم لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، تایبەت بە کوردستان24 رایگەیاند؛ ئەم پڕۆژەیە وەک هەنگاوێکی گرنگ بۆ پاراستنی سامانی ئاو ئەژمار دەکرێت و لە رێگەی تیمی پسپۆڕ و تەکنەلۆژیای سەردەمیانەوە کار لەسەر دۆزینەوەی ئەو بەفیڕۆدانانە دەکرێت کە لە ناو تۆڕەکانی ئاودا هەن.
بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ ئاماژەی بەوەش کرد، پڕۆژەکە کار لەسەر دۆزینەوەی ئەو شوێنانە دەکات کە ئاویان تێدا بەفیڕۆ دەچێت، چ بەهۆی لێچوونی تەکنیکی یان بەستنی سەرپێچی و نایاسایی. هەروەها بڕیار وایە دیزاینکردن و جێبەجێکردنی سیستمەکە لە ناوچەیەکی دیاریکراو وەک نموونە دەستپێبکات بۆ پێوانەکردنی وردی بڕی ئاوی چووە ناو تۆڕەکە و بڕی بەکارهاتوو، هاوکات ستافی ئەندازیاری و تەکنیکی بەڕێوەبەرایەتییەکانی ئاو راهێنانیان پێ دەکرێت بۆ بەڕێوەبردنی سیستمە نوێیەکان و بەکارهێنانی سیستمی جیهانیی (Non-Revenue Water) بە مەبەستی کۆنترۆڵکردنی ئەو ئاوەی کە بەرهەم دەهێنرێت بەڵام بەهۆی نەبوونی داهات یان بەفیڕۆچوونەوە لەدەست دەچێت.
سەبارەت بە وردەکاریی جێبەجێکردنی پڕۆژەکە، ئاری ئەحمەد رایگەیاند کە بۆ قۆناخی راوێژکاری کە 60 رۆژ دەخایەنێت، پێویستیان بە کۆمپانیا و نووسینگە ڕاوێژکارییە پسپۆڕەکان هەیە، بەو مەرجەی کۆمپانیاکە خاوەن ئەزموونێکی سەلمێنراو بێت لە کەرتی ئاودا و نووسینگەی فەرمی لە هەرێمی کوردستان یان عێراق هەبێت، پرۆسەی هەڵبژاردنیش لەسەر بنەمای لێهاتوویی و بەگویرەی رێنماییە نێودەوڵەتییەکانی ساڵی 2016 دەبێت.
بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ داوای لەو کۆمپانیایانە کرد، ئارەزووی بەشداریکردنیان هەیە، بەڵگەنامەکانیان بە شێوەی زەرفی داخراو تا کاتژمێر 11:00ی پێشنیوەڕۆی ڕۆژی دووشەممە، رێکەوتی 27ی نیسانی 2026، رادەستی بەڕێوەبەرایەتییەکەیان لە شاری هەولێر بکەن. شایانی باسە ئەم پڕۆژەیە لە کاتێکدایە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵەکانی چڕکردووەتەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی کەمئاوی و بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزارییە گشتییەکان لە رێگەی بەدیجیتاڵکردن و رێکخستنەوەی کەرتە جیاوازەکان.