هێمن هەورامی: نابێت بە سەفەقەی گوماناوی بابەتی کەرکووک یەکلا بکرێتەوە

هێمن هەورامی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە میانەی بەشداریی لە ژووری هەواڵی کوردستان24 گوتی: پرسی خاک و خەڵک و پرسی ناسنامەی کوردستانییەتی کەرکووک، بابەتێکی هێندە ئاسان نییە بە سەفەقات یەکلا بکرێنەوە

ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی پارتی دەڵێت: کەرکووک پێویستی بە رێککەوتنێکی هاوسەنگە، کە بە هاوبەشی نێوان تەواوی پێکهاتەکان بێت، دەبێت رێککەوتنەکە بە شێوەیەکی ئاشکرا ئەنجام بدرێت، نەک بە سەفەقەیەکی گوماناوی وەک ئەوەی هۆتێل رەشید.

هەورامی جەختی لەوە کردەوە، لەگەڵ تەواوی مافی پێکهاتەکانی کەرکووک داین، بەڵام بۆ ئێمە ماددەیەکی گرنگی دەستووری هەیە ئەویش 140ـە، ئێستا دەپرسین چارەنووسی ئەو ماددەیە لەم سەفەقاتە گوماناویانەی هۆتێل رەشید چی دەبێت.

گوتیشی: نابێت چارەنووسی کەرکووکییەکان بکرێتە قوربانی سەفەقەیەکی گوماناوی هۆتێلی رەشید، ئەوەی ئەمڕۆش ئەنجام دەدرێت درێژەپیێدەری ئەو سەفەقەیەی هۆتێل رەشیدە.

ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی پارتی، دووپاتی کردەوە، خەڵکی کەرکووک شایستەی ئەوە نین بەو شێوەیەی ئێستا مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت.

دەشڵێت: ئێمە وەک پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ ئەوەین رێککەوتنێکی ئاشکرای شەفافی هاوسەنگ بە هاوبەشی تەواوی پێکهاتەکانی کەرکووک ئەنجام بدرێت، نەک بکرێتە یارییەکی سیاسی بۆ سەفقەیەکی گوماناوی.

هاوکات جەختی لەوە کردەوە، لەگەڵ ئەوەین تەواوی پێکهاتەکانی کەرکووک بەشدار و هاوبەشێکی سەرەکی بن لە تەواوی پۆستەکانی کەرکووک و دیاریش بێت چارەنووسیان چی دەبێت.

هێمن هەورامی، رایگەیاند:  ئەوا سەرۆک بارزانی بوو لە نووسینەوەی دەستووری عێراق لە ساڵی 2005، یەکەم کەس بوو توانی بەرگری لە مافی پێکهاتەکان بکات و بیکاتە ماددەیەکی دەستووری و لەنێو دەستووری عێراق بیچەسپێنێت.

گوتیشی: ئێمە لە هەرێمی کوردستان شانازی بەوە دەکەین کە بە هاوبەشی لەگەڵ پێکهاتەکان پێکەوەژیانمان لەگەڵیان کردووە هەم لە نێو حکوومەت و یاساکانی پەرلەمان.

لە درێژەی قسەکانیدا ئەوەشی خستە روو، بە پشتیوانی پارتی دیموکراتی کوردستان بوو، پۆستی سرکتێری پەرلەمانی کوردستان و وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان، درا بە پێکهاتەی تورکمان.

هێمن هەورامی، ئاماژەی بەوە کرد، بۆ ئێمەی پارتی مافی پێکهاتەکان ستراتیژە و تەکتیک نییە و نایکەینە قوربانی سەفەقاتی گوماناوی، ئەگەر پارتی بە شوێن پۆست بایە، ئەوا ئێمەش دەمانتوانی لەگەڵ ئەوانەی هۆتێل رەشید سەفقەیەکی هاوشێوە بکەین تا پۆستی زۆر گەورەتر بە دەست بهێنین، بەڵام ئەو کاتە ئەو پۆستانە لەسەر بنەمای لەدەستدانی زۆرێک لە پۆستە هەستییەرەکانی دیکەی کوردستان لە کەرکووک دەبوون، بەڵام ئەمە نە لە بەهاکانی پارتی نە لە بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستانە بۆیە قبوڵمان نەکردووە.

هەورامی بە نیگەرانییەوە گوتی: بە داخەوە ئەو لایەنانەی کە سەفقەی گوماناوی هۆتێل رەشیدیان کردووە، ئەمڕۆش درێژەپێدەری ئەو سەفقەیە دەکەن، بە پێچەوانەی تەواوی خواستی خەڵکی کوردستان دێن یاری بە چارەنووسی پرسی کورد و پرسی کوردستانیی کەرکووک دەکەن، بە داخەوە ئەمە دەبێتە دووەم هەڵوێستیان دوای 16ـی ئۆکتۆبەر کە هەرگیز مێژوو رەحمیان پێناکات.

لە بارەی پۆستی سەرۆککۆماری عێراق، هەورامی رایگەیاند: بۆ پارتی پرسی نیشتمانی و کوردستانی گرنگە، هەرچی پۆست لە بەغدا هەیە قوربانی ئەوە بێت کە بتوانێت ماددەی 140 جێبەجێ بکرێت، بە قوربانی ئەوە بێت کە بتوانرێت بابەتی پێشمەرگە بچەسپێندرێت و بە قوربانی ئەوە بێت بتوانێت فیدراڵییەتی هەرێمی کوردستان بپارێزێت.

هاوکات راشیگەیاند: بە داخەوە لایەنەکانی دیکە لە پۆست و دەستکەوتە حزبییەکانی خۆیان سەیری بابەتەکان دەکەن.