ترەمپ: ئێران خوازیاری رێککەوتنە و ئێمەش بە میهرەبانییەوە مامەڵەیان لەگەڵ دەکەین
ترەمپ: ئەگەر لەگەڵ ئێران نەگەینە رێککەوتن، بژاردەی جەنگ دێتەوە سەر مێز
سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرای کرد، کە هەفتەی داهاتوو دەکرێت گەڕێکی نوێی گفتوگۆکان لەگەڵ ئێران دەست پێبکات. هاوکات دووپاتی کردەوە، کە ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و لوبنان گشتگیر دەبێت و حزبوڵڵاش دەگرێتەوە.
پێنجشەممە، 16ـی نیسانی 2026، دۆناڵد ترەمپ، ئەمریکا، لە وەڵامی رۆژنامەنووساندا زنجیرەیەک پێشهاتی سیاسی و دیپلۆماسی گرنگی سەبارەت بە دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست خستە روو.
ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد، کە ئەگەر هەیە لە سەرەتای هەفتەی داهاتوودا، واشنتن و تاران لەسەر مێزی گفتوگۆ کۆببنەوە، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی نوێ کە کۆتایی بە گرژییەکانی نێوان هەردوولا بهێنێت.
سەرۆکی ئەمریکا بە راشکاوی باسی لە ستراتیژی وڵاتەکەی کرد بەرامبەر بە ئێران و رایگەیاند: "ئێران لە ژێر گەمارۆیەکی مێژوویی و زۆر تونددایە، بە تایبەت لە گەرووی هورمز کە ئابڵووقەکە بە سەرکەوتوویی جێبەجێ دەکرێت."
ترەمپ جەختی کردەوە، کە تاران خوازیاری رێککەوتنە و ئیدارەکەی واشنتن ئێستا "بە میهرەبانی و لەسەرخۆیی" مامەڵەیان لەگەڵ دەکات، بەڵام هۆشداریی دا کە "ئەگەر رێککەوتن واژۆ نەکرێت، بژاردەی جەنگ دەستپێدەکاتەوە"، چونکە رێگە نادرێت ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.
لە بەشێکی تری قسەکانیدا، ترەمپ مژدەی ئەوەی دا کە ئێران رەزامەندی نیشانداوە لە داواکارییەکانی بۆ خاوەندارێتی چەکی ئەتۆمی پاشەکشە بکات. هەروەها گوتی: "هەلێکی زۆر باش لەبەردەمدایە بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێک کە بە شێوەیەکی بنەڕەتی رێگری لە ئێران بکات ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، و پێشبینیش دەکەم لەم نزیکانەدا هەواڵی زۆر ئەرێنی ببیستین."
لە لایەکی دیکەوە، سەبارەت بە ململانێی نێوان ئیسرائیل و لوبنان، دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند: کە "ئاشتی لە نێوان ئەو دوو وڵاتەدا بەدی دێت" و بڕیارە کۆبوونەوەیەکی فەرمی لە کۆشکی سپی لە نێوان نوێنەرانی لوبنان و ئیسرائیل بەڕێوەبچێت.
یەکێک لە خاڵە هەرە گرنگەکانی لێدوانەکەی ترەمپ ئەوە بوو کە دووپاتی کردەوە، ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و لوبنان "حزبوڵڵا"ش دەگرێتەوە، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ هێورکردنەوەی سەرجەم بەرەکانی جەنگ لە ناوچەکەدا.