جۆزێف عۆن: دانوستان لەگەڵ ئیسرائیل گەیشتووەتە قۆناغێکی یەکلاکەرەوە

جۆزێف عۆن، سەرۆککۆماری لوبنان
جۆزێف عۆن، سەرۆککۆماری لوبنان

سەرۆککۆماری لوبنان، جەختی لەسەر هەستیاری و یەکلاکەرەوەی دانوستانە راستەوخۆکان لەگەڵ ئیسرائیل کردەوە و رایگەیاند: کە سوپای وڵاتەکەی ئامادەیە بۆ گرتنەدەستی تەواوی خاڵە سنوورییەکان و کۆتاییهێنان بە هەبوونی هەر هێزێکی چەکداری نافەرمی.

هەینی، 17ـی نیسانی 2026، جۆزێف عۆن، سەرۆککۆماری لوبنان، لە پەیامێکی نوێدا بارودۆخی سیاسی و سەربازی وڵاتەکەی لەبەردەم گۆڕانکارییە نێودەوڵەتییەکاندا خستە روو.

عۆن رایگەیاند: کە لوبنان لەبەردەم قۆناغێکی یەکلاکەرەوەدایە و دانوستانە راستەوخۆکان لەگەڵ ئیسرائیل گەیشتوونەتە ئاستێکی هەستیار کە پێویستی بە یەکگرتوویی نیشتمانی هەیە.

بە گوتەی سەرۆککۆماری لوبنان، ستراتیژیەتی وڵات لەم قۆناغەدا بریتییە لە جێگیرکردنی ئاگربەستی هەمیشەیی، زامنکردنی کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل لە خاکە داگیرکراوەکانی باشوور، گەڕاندنەوەی دیلەکان و یەکلاکردنەوەی ناکۆکییە سنوورییەکان.

عۆن ئاماژەی بەوەش کرد، کە دۆناڵد تره‌مپ، سەرۆکی ئەمریکا، پشتیوانی خۆی بۆ سەقامگیریی لوبنان دەربڕیوە، ئەمەش وەک پاڵنەرێک بۆ سەرکەوتنی گفتوگۆکان دەبینرێت.

لە رەهەندی ناوخۆییشدا، جۆزێف عۆن جەختی لەوە کردەوە کە سوپای لوبنان دوای کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل، رۆڵی سەرەکی دەگێڕێت لە کۆتاییهێنان بە دیاردە چەکدارییەکان و چەسپاندنی دەسەڵاتی یاسا، بە شێوەیەک کە جگە لە هێزە ئەمنییە شەرعییەکان، هیچ هێزێکی دیکە لە ناوچەکەدا بوونی نەبێت.

کاتژمێر 12ـی شەوی پێنجشەممە، 16ـی نیسانی 2026، ئیسرائیل و لوبنان لەسەر راگەیاندنی ئاگربەستێکی 10 رۆژی رێککەوتن.

ئەم رێککەوتنەش دوای ئەوە دێت، رۆژی سێشەممەی رابردوو، بۆ یەکەمجار لە ماوەی 34 ساڵی رابردوودا، ئیسرائیل و لوبنان لە واشنتن بە ئامادەبوونی مارکۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، بۆ تاوتوێکردنی چەندین پرسی گرنگ کۆبوونەوە.

لەو بارەیەوە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، شەوی رابردوو لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24، رایگەیاندبوو، کە کۆشکی سپی ئامادەکاری دەکات بۆ میوانداریکردنی کۆبوونەوەیەکی مێژوویی لە نێوان سەرۆککۆماری لوبنان و سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل.