کۆڕبەندی ئەنتاڵیا؛ هەوڵەکان بۆ سەرخستنی دانوستانەکانی واشنتن و تاران چڕ دەکرێنەوە
لە پەراوێزی کارەکانی کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئەنتاڵیا، وەزیرانی دەرەوەی میسر و تورکیا و پاکستان، بە بەشداریی سەرۆکوەزیرانی پاکستان، کۆبوونەوەیەکی تایبەتیان ئەنجام دا بە مەبەستی چڕکردنەوەی هەوڵەکان بۆ پشتیوانیکردن لە پڕۆسەی کۆتاییهێنان بە جەنگ و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران.
رۆژی هەینی، 17ـی نیسانی 2026، لە پەراوێزی کارەکانی "کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئەنتاڵیا"، کۆبوونەوەیەکی گرنگی ئاستی باڵا لە نێوان وەزیرانی دەرەوەی میسر و تورکیا و پاکستان، بە ئامادەبوونی شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان، بەڕێوەچوو. تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکە تەرخانکرابوو بۆ تاوتوێکردنی دوایین پێشهاتەکانی پەیوەندیی نێوان ئەمریکا و کۆماری ئیسلامیی ئێران.
وەزارەتی دەرەوەی میسر لە راگەیەنراوێکدا ئاشکرای کرد، کە بەدر عەبدولعاتی، وەزیری دەرەوەی میسر، لەگەڵ شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیران و محەمەد ئیسحاق دار، وەزیری دەرەوەی پاکستان و هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، ئاڵوگۆڕی بیروڕایان کردووە دەربارەی بەرەوپێشچوونی دانوستانەکانی واشنتن و تاران.
لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەسەر گرنگی چڕکردنەوەی هەوڵە هاوبەشەکان و بەردەوامبوون لە راوێژکارییەکان کرایەوە، بە جۆرێک کە خزمەت بە کەمکردنەوەی گرژییەکان و کۆتاییهێنان بە جەنگ بکات.
وەزیری دەرەوەی میسر تیشکی خستە سەر ئەو پەیوەندییە چڕانەی کە وڵاتەکەی ئەنجامی دەدات بۆ هێورکردنەوەی بارودۆخەکە و رایگەیاند: "میسر بە تەواوی پشتیوانی لە رێڕەوی دانوستانەکانی ئەمریکا و ئێران دەکات."
هەروەها ئومێدی خواست کە ئەم هەوڵانە ببێتە هۆی گەیشتن بە رێککەوتنێکی گشتگیر کە بە یەکجاری کۆتایی بە ململانێ چەکدارییەکان بهێنێت.
ئەم جوڵە دیپلۆماسییە سێقۆڵییە دوای ئەوە دێت کە دۆناڵد ترهمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ ئاژانسی "بلۆمبێرگ" رایگەیاندبوو، رێککەوتنی کۆتاییهێنان بە جەنگ تا ئاستێکی زۆر تەواو بووە و پێشبینی دەکرێت لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا گفتوگۆی یەکلاکەرەوە بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی هەمیشەیی لەگەڵ ئێران ئەنجام بدرێت.