ئیسرائیل چەند سەربازێکی سوپاکەی بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ ئێران دەستگیرکرد

چەند سەربازێکی ئیسرائیل
چەند سەربازێکی ئیسرائیل

میدیاکانی ئیسرائیل، بڵاویانکردەوە، دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە تۆڕێکی سیخوڕییان لە ناو هێزی ئاسمانی ئیسرائیلدا دەستگیرکردووە کە بۆ بەرژەوەندی ئێران کاریان کردووە.

کەناڵی 15ـی ئیسرائیلی لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە رایگەیاند: "چەند سەربازێکی (نیزامی) لە هێزی ئاسمانی بە گومانی سیخوڕیکردن بۆ ماوەیەکی درێژ بۆ بەرژەوەندی ئێران، دەستبەسەر کراون."

ئەمە لە کاتێکدایە، هەر لە سەرەتای ئەم مانگەدا راپۆرتە هەواڵییەکان ئاماژەیان بەوە کردبوو، هێزە ئەمنییەکانی ئیسرائیل 4 سەربازی دیکەی یەکە شەڕکەرەکانیان دەستگیرکردووە. ئەو سەربازانە تۆمەتبار کراون بەوەی وەک گرووپێکی رێکخراو پێکەوە سیخوڕییان بۆ تاران کردووە، تەنانەت لە کاتی بەردەوامی شەڕیشدا گوزارشت لە زانیارییەکان کراوە.

کەناڵی "i24 News"ی ئیسرائیلی ئاماژەی بەوە کردووە، لێکۆڵینەوە لەگەڵ ئەو چوار سەربازە بە هەماهەنگی نێوان دەزگای ئاسایشی گشتیی "شاباک" و پۆلیسی ئیسرائیل بەڕێوەدەچێت.

سەرچاوەکان جەخت دەکەنەوە، ئەم دۆسیەیە نیشاندەری ئاراستەیەکی روونی ئێرانە بۆ دزەکردنە ناو دامەزراوە ئەمنییەکان و گەیشتن بە زانیارییە هەستیارەکان. هەروەها ئاماژەیە بۆ بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوی هەڕەشەکانی سیخوڕی لەلایەن ئێرانەوە لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا.