هاکان فیدان: ئەوروپا تاوتوێی کشانەوەی ئەمریکا لە ناتۆ دەکات

وەزیری دەرەوەی تورکیا، ئاماژەی دا، ئەوروپا تاوتوێی کشانەوەی ئەمریکا لە ناتۆ دەکات؛ هەروەها هۆشداری دا هەر جۆرە کشانەوەیەکی ئەمریکا لە ناتۆ یان کەمکردنەوەی بەشدارییە سەربازییەکانی لە ئەوروپا، دەرئەنجامی وێرانکەری بۆ کیشوەرەکە دەبێت.

شەممە 18ـی نیسانی 2026، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، لە میانی بەشداریی لە پانێڵێکی "کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئانتاڵیا" رایگەیاند، گفتوگۆیەکی چڕ لە ئارادایە سەبارەت بە چۆنییەتی بەڕێوەبردنی دەرئەنجامەکانی کشانەوەی ئەگەریی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە "پێکهاتەی ئەمنیی ئەوروپا" و چۆنییەتی کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی ئەو هەنگاوە.

هاکان فیدان ئاماژەی دا، کشانەوەی ئەمریکا لە ریزەکانی ناتۆ یان کەمکردنەوەی بەشدارییە سەربازییەکانی، دەکرێت ببێتە هۆی وێرانکاری بۆ ئەوروپا، ئەگەر ئەو هەنگاوە بەبێ هەماهەنگییەکی پێشوەختە ئەنجام بدرێت. گوتیشی: "ئێمە بە چڕی تاوتوێی ئەوە دەکەین چۆن شوێنەوارەکانی کشانەوەی ئەمریکا بەڕێوە ببەین، تەنانەت ئەگەر کشانەوەیەکی بەشیش بێت، دۆخەکە زۆر مەترسیدار دەبێت."

وەزیری دەرەوەی تورکیا، کە وڵاتەکەی ئەندامی ناتۆیە بەڵام ئەندامی یەکێتیی ئەوروپا نییە، رەخنەی لە وڵاتانی ئەوروپی نێو ناتۆ گرت و گوتی: "ئەوان جیاواز رەفتار دەکەن و بە تەنیا بڕیار دەدەن، تەنانەت ئەگەر بڕیارەکانیان دژی هەڵوێستی گشتیی هاوپەیمانێتییەکەش بێت."

هاکان فیدان داوای لە ئەندامانی ناتۆ کرد لووتکەی داهاتووی هاوپەیمانێتییەکە، کە بڕیارە لە مانگی تەمموزی داهاتوو لە ئەنقەرە بەڕێوەبچێت، وەک دەرفەتێک بەکاربهێنن بۆ رێکخستنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ترەمپ و واشنتن، و خۆیان بۆ ئەگەری کەمبوونەوەی رۆڵی ئەمریکا لە پاراستنی ئەوروپا ئامادە بکەن.

ئەم هەڕەشانەی واشنتن بۆ کشانەوە لە ناتۆ دوای ئەوە هات کە وڵاتانی ئەوروپا داواکارییەکەی دۆناڵد ترەمپیان رەتکردەوە بۆ ناردنی کەشتیی جەنگی بە مەبەستی کردنەوەی گەرووی هورمز دوای هەڵگیرسانی جەنگی ئێران. ئەم بڕیارەی ئەوروپا تووڕەیی ترەمپی لێکەوتەوە، کە پێشتر بەهۆی پرسی ئارەزووی ئەمریکا بۆ کڕینی "گرینلاند" گرژیی لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپی دروست ببوو.