حووسییەکانی یەمەن بۆ کوردستان24: ئامادەی قۆناغێکی نوێی جەنگین
ئەمڕۆ یەکشەممە، 19ـی نیسانی 2026، عەبدولغەنی عەلی زوبەیدی، فەرماندەی سەربازیی حووسییەکانی یەمەن، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24، ئامادەیی هێزەکانیانی بۆ هەر جۆرە رووبەڕووبوونەوەیەکی نوێی سەربازی لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریکا راگەیاند.
ئامادەیی سەربازی و چەکی پێشکەوتوو
زوبەیدی جەختی لەوە کردەوە، هێزەکانیان لەوپەڕی ئامادەباشیدان و خاوەنی چەک و کەرەستەی سەربازیی زۆر پێشکەوتوون.
ئەو گوتی: "ئێمە چەک و کەرەستەی سەربازیی مۆدێرنمان لەبەردەستە، لەوانە مووشەکی دوورهاوێژ و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن)، کە بەردەوام لە پەرەپێداندان لە رووی جۆری و چەندییەوە."
ئەو فەرماندە سەربازییەی حووسییەکان ئاماژەی بەوەش کرد، هەڕەشە لە نێوان ئەوان و ئیسرائیلدا بابەتێکی نوێ نییە و تەنانەت پێش جەنگی ئێستاش، ئاڵوگۆڕی هەڕەشە هەبووە.
گوتیشی: "ئەمە نیشانەی ئەوە بوو کە شەڕێکی چاوەڕوانکراو لە نێوان ئێمە و ئیسرائیلدا لە ئارادایە، بۆیە خۆمان بۆ هەموو ئەگەرە سەربازییەکان ئامادە کردووە."
سەبارەت بە ئەگەری داخستنی گەرووی (باب مەندەب) کە یەکێکە لە گرنگترین رێڕەوە ئاوییەکانی جیهان، زوبەیدی رایگەیاند: "داخستنی ئەو گەرووە بە دڵنیاییەوە یەکێکە لە بژاردە بەهێزەکان. هەرچەندە رەنگە ئەمە بژاردەیەکی دواخراو بێت لە سەرەتای شەڕەکەدا، بەڵام ئەگەر پەرەسەندنە سەربازییەکان گەورەتر بن، ئەوا پەنابردن بۆ داخستنی گەرووەکە بژاردەیەکی حەتمی دەبێت."
ئیسرائیل لە تواناکانمان ئاگادارە
لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا بۆ کوردستان24، عەبدولغەنی زوبەیدی ئاماژەی بەوە کرد، زۆرێک لە وڵاتان و بە تایبەتیش "قەوارەی ئیسرائیل" بە باشی لەو پەرەپێدانە سەربازییانە تێدەگەن کە لە یەمەن رووی داوە.
ئەو باسی لەوەش کرد، ئیسرائیل چاودێریی وردی تواناکانی ئەوان دەکات و دەزانێت کە حووسییەکان لە رووی سەربازییەوە گەیشتوونەتە چ ئاستێک.
بەشداریی حووسییەکانی یەمەن لە جەنگی ئێران
حووسییەکانی یەمەن لە سەرەتای سەرهەڵدانی جەنگی ئێران بێ دەنگ بوون و بەشداریی جەنگەکەیان نەکرد، بەڵام، رۆژی 28ـی ئادار، ژمارەیەک مووشەکی بالیستییان ئاراستەی ئیسرائیل کرد و هاتنە نێو جەنگەکە.