حکوومەتی تورکیا پرسی بێسەروشوێنبوونی کچێکی کورد تاوتوێ دەکات
حکوومەتی تورکیا کۆدەبێتەوە و دۆسیەی بێسەروشوێنبوونی کچە کوردێک تاوتوێ دەکات.
ئەمڕۆ دووشەممە، 20ـی نیسانی 2026، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەی کابینەی حکوومەت دەکات.
لەو کۆبوونەوەیەدا یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکان، پرسی بێسەروشوێنبوونی گوڵستان دۆکو دەبێت. گوڵستان دۆکو لە ساڵی 2020ـەوە لە شاری دێرسیم، کە بۆ خوێندنی زانکۆ رووی لێکردبوو، چارەنووسی نادیارە.
حکوومەتی تورکیا دەیەوێت لە رێگەی وەزارەتی داد و دەزگای هەواڵگرییەوە، دواین زانیارییەکان لەسەر ئەو لێکۆڵینەوە چڕوپڕەی شاری دێرسیم بخاتە روو، کە دەنگدانەوەیەکی گەورەی لەسەر ئاستی مافەکانی مرۆڤ دروست کردووە.
تاوتوێکردنی پرسی بێسەروشوێنبوونی گوڵستان دۆکو لە کاتێکدایە، کە لێکۆڵینەوەکان لە دێرسیم چوونەتە قۆناغێکی نوێ و دوای دەستگیرکردنی چەند گومانلێکراوێک، ئێستا تونجای سۆنێل، پارێزگاری پێشووی دێرسیم دەستبەسەر کراوە و لێپرسینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە.
هەروەها لە تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکەدا، کابینەکە بڕیار لەسەر پاکێجێکی نوێی ئەمنی دەدات بۆ پاراستنی ناوەندەکانی خوێندن، ئەمەش دوای ئەو هێرشە خوێناوییانەی هەفتەی رابردوو کرانە سەر چەند قوتابخانەیەک لە شارەکانی رووحا و مەڕەشی باکووری کوردستان و بوونە هۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە 10 کەس و برینداربوونی دەیان کەسی تر.
هاوکات پرسی چەکدانانی پەکەکە و هەنگاوە یاساییەکان بۆ پرۆسەی نوێی ئاشتی تاوتوێ دەکرێن.
لە رەهەندی نێودەوڵەتیشدا، سەرۆککۆمار هەوڵەکانی تورکیا بۆ چەسپاندنی ئاگربەست لە نێوان ئێران و ئیسرائیل و کێشەی داخستنی گەرووی هورمز باس دەکات، کە کاریگەرییەکی راستەوخۆی لەسەر ئابووری تورکیا و بازرگانی جیهانی دروست کردووە.