لوبنان سەرۆکایەتی شاندی دانوستانی لەگەڵ ئیسرائیل بە بەرپرسێکی پێشوو سپارد

سەرۆکایەتی لوبنان رایگەیاند، جۆزێف عۆن، سەرۆککۆماری لوبنان بڕیاری داوە شاندێک بە سەرۆکایەتی سیمۆن کەرەم باڵیۆزی پێشوو لە ئەمریکا راسپێردرێت بۆ دانوستان لەگەڵ ئیسرائیل.

ئەمڕۆ دووشەممە، 20ـی نیسانی 2026، سەرۆکایەتی کۆماری لوبنان رایگەیاند، "ئامانجی ئەم دانوستانانە راگرتنی شەڕ و پێکدادانەکان و کۆتایی هێنان بە داگیرکارییەکانی ئیسرائیل و کارکردنە لەسەر بڵاوەپێکردنی سوپای لوبنان تا سنوورەکان."

ئاماژەی بەوەشکردووە، "دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە میانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا، تێگەیشتنی خۆی لە داواکارییەکانی لوبنان دەربڕی و دەستوەردانی کردووە بۆ وەستاندنی شەڕەکە".

هەر ئەمڕۆ، سوپای ئیسرائیل هۆشدارییەکانی بۆ دانیشتوانی دەیان گوندی باشووری لوبنان نوێ کردەوە و داوای لێکردن نەگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان و لە رووباری لیتانی و دەوروبەری نزیک نەبنەوە.

لە 16ـی نیساندا دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، سەرکردەکانی ئیسرائیل و لوبنان لەسەر ئاگربەستی 10 رۆژە رێککەوتوون.

لە رێککەوتنەکەدا ئاگربەست بۆ ماوەی 10 رۆژ دیاریکراوە، کە بە رەزامەندی هەردوولا درێژدەکرێتەوە، ئیسرائیل مافی بەرگریکردن لە خۆی لە بەرامبەر هەر هەڕەشەیەکدا هەیە.

هەروەها داوا لە لوبنان دەکرێت رێکار بگرێتەبەر بۆ رێگریکردن لە هەر هێرشێک بۆ سەر ئیسرائیل، هەروەها جەخت لەوە کراوەتەوە کە هێزە ئەمنییەکانی لوبنان تاکە لایەنی بەرپرسیارن لە ئاسایش، هاوکات ئەمریکا بەردەوامە لە نێوەندگیری بۆ ئاسانکاری گفتوگۆکانی نێوان هەردوولا.