راپۆرتێکی نێودەوڵەتی: ئاوەدانکردنەوەی کەرتی غەززە 10 ساڵ دەخایەنێت
نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتیی ئەوروپا راپۆرتێکی هاوبەشیان لەبارەی تێچووی ئاوەدانکردنەوەی کەرتی غەززە گەڵاڵە کردووە و بە گوێرەی لێکۆڵینەوەکان، نزیکەی 10 دەخایەنێت و گوژمەی زیاتر لە 71 ملیار دۆلاری ئەمریکی تێدەچێت.
راپۆرتەکەی هاوبەشەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتیی ئەوروپا بە هەماهەنگی لەگەڵ بانکی جیهانی ئامادە کراوە و بە گوێرەی ئەنجامەکان، ئەگەر ئەمساڵ دەست بە پرۆسەی ئاوەدانکردنەوەی کەرتی غەززە بکرێت، تا ساڵی 2036 دەخایەنێت، واتە 10 بەردەوام دەبێت و 71 ملیار و 400 ملیۆن دۆلاری تێدەچێت.
بەگوێرەی راپۆرتەکە، لە 18 مانگی یەکەمی پرۆسەکەدا، دەبێت بڕی 26 ملیار و 300 ملیۆن دۆلار دابین بکرێت بۆ گەڕاندنەوەی خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان، بنیادنانەوەی ژێرخانە گرنگەکان و پاڵپشتیکردنی بوژانەوەی ئابووری.
هەروەها روونکراوەتەوە، زیانە ماددییەکانی بەر ژێرخانەکان کەوتوون بە 35 ملیار و 200 ملیۆن دۆلار خەمڵێندراون، لە کاتێکدا زیانە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان گەیشتوونەتە 22 ملیار و 700 ملیۆن دۆلار، لەنێویاندا زۆرترین زیان بەر کەرتەکانی نیشتەجێبوون، تەندروستی، پەروەردە، بازرگانی و کشتوکاڵ بەرکەوتووە.
بەهۆی هێرشی چەکدارانی حەماس لە 7ی تشرینی یەکەمی 2023 بۆ سەر باشووری ئیسرائیل، کە بە هۆیەوە کوژرانی 1221 کەسی ئیسرائیلی و خەڵکی بیانی. لە بەرانبەردا ئیسرائیل توندترین هێرشی سەربازی و لەشکرکێشی کردە سەر کەرتی غەززە و بە گوێرە ئامارە فەرمییەکانی وەزارەتی تەندروستیی غەززە، زیاتر لە 72 هەزار و 553 فەڵەستینی کوژران.
شەڕێکی خوێناوی 77 ساڵ کەرتی غەززەی گەڕاندە دواوە
بەگوێرەی راپۆرتەکە، 371 هەزار و 888 یەکەی نیشتەجێبوون وێرانبوون یان زیانیان بەرکەوتووە، زیاتر لە 50%ی ناوەندە تەندروستییەکان لەکارکەوتوون و نزیکەی تەواوی قوتابخانەکان زیانیان بەرکەوتووە، هاوکات ژێرخانی ئابووریی کەرتەکە بە رێژەی 84% وێرانکراوە.
نزیکەی 1.9 ملیۆن کەس ئاوارە بوون کە زۆربەیان چەندینجار شوێنی مانەوەیان گۆڕیوە، زیاتر لە 60%ی دانیشتووانی کەرتی غەززە خانوو و ماڵەکانیان وێران بووە و هیچ شوێنێکیان نەماوە بۆ مانەوە و تێدا حەوانەوە.
راپۆرتە هاوبەشەکە ئاماژە بەوە دەکات، تێکچووی باری گوزەران و نەمانی سەرچاوەکانی بژێوی و کێشەی ئاسایشی خۆراک، پرۆسەی گەشەپێدانی مرۆیی لە کەرتی غەززەدا بە بڕی 77 ساڵ بۆ دواوە گەڕاندووەتەوە.
نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتیی ئەوروپا جەخت دەکەنەوە کە دەبێت هەوڵەکانی ئاوەدانکردنەوە لەگەڵ چالاکییە مرۆییەکان هاوتەریب بن، بۆ ئەوەی مسۆگەرکردنی "گواستنەوەیەکی کارا" بەرەو ئاوەدانکردنەوەیەکی گشتگیر کە کەرتی غەززە و کەناری ڕۆژئاواش بگرێتەوە.
راپۆرتەکە جەختی لەوە کردووەتەوە کە دەبێت فەڵەستینییەکان خۆیان سەرپەرشتی ئاوەدانکردنەوە بکەن و کارەکە بە جۆرێک بێت لەگەڵ گواستنەوەی دەسەڵات بۆ حکوومەتی فەڵەستینی بگونجێت، ئەمەش بەپێی بڕیاری 2803ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان.
ئەم بڕیارە کە لە تشرینی دووەمی 2025 پەسەندکراوە، پشت بە پلانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەبەستێت بۆ غەززەی نوێ، کە "ئەنجوومەنی ئاشتی" بۆ ئەم مەبەستە دایمەزراندووە و ئەرکی ئاراستەکردنی ئاوەدانکردنەوە و هەماهەنگی دارایی لە ئەستۆ دەگرێت.
هەروەها سەرکەوتنی پرۆسەی ئاوەدانکردنەوەی غەززە و بڕیاری 2803ـی ئەنجوومەنی ئاسایشیان بەستووەتەوە بەم مەرجانە:
- ئاگربەستی هەمیشەیی.
- ئاسایشی تۆکمە.
- گەیشتنی هاوکارییە مرۆییەکان بەبێ رێگری.
- گەڕانەوەی دەستبەجێی خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان.
- ئازادیی هاتوچۆی کەسەکان و کەلوپەلەکان لە ناو غەززە و لە نێوان کەرتی غەززە و کەناری رۆژئاوادا.
هەروەها نەتەوە یەکگرتووەکان، یەکێتی ئەوروپا و بانکی جیهانی جەختیان کردووەتەوە، بەبێ جێبەجێکردنی ئەم مەرجانە، ئاوەدانکردنەوە و ئاساییکردنەوەی غەززە سەرکەوتووی نابێت.